شەڕی گەورەی خاچ و هیلال (رۆمان) فازڵ قەرەداغی رۆمانێك بۆ رووداوێكی دواڕۆژ لەسەر بناغەی چەند فەرموودەیەك وەك سەرچاوەی ئیسلامی و كتێبی روئیای مەسیحی نووسراوەتەوە. بەشی یەکەمی زنجیرەی (پێش قیامەت).
كورتەی رۆمانەكە:
پیاوێك بەدرێژایی ئەوروپا لە دەست تیمێكی بكوژ هەڵدێت كە شوێنی دەكەون بۆ كوشتنی و لەناوبردنی ئەو پارچە چەرمە نووسراوەی دەستیكەوتووە. نووسراوەكە كە توانای هەیە مێژووی پێشبینییەكی ئاینی بگۆڕێت نوسخەیەكی روئیای یوحنایە كە بە ئارامی نووسراوەتەوە و نوسخە ئەسڵییەكەیە. روئیا كتێبێكی سەر بە ئینجیلە و باسی شەیتان و دژی مەسیح و هاتنەوە مەسیح و شەڕی گەورەی ئەرماگددۆن لای مەگیدۆ لە فەڵەستین دەكات. نوسخە ئارامییەكەی روئیا بەپێچەوانەی گێڕانەوە باوەكە شەڕەكە دەخاتە لای فورات و ئەنجامەكەی تیاچوونی شوێنكەوتووانی مەسیح بێت.
لە هەمان كات لە شام سوپاكانی وڵاتانی موسڵمان و رۆژئاوایی بەرامبەر یەك وەستاون لە ئاشتییەكی لەق پاش ئەوەی پێكەوە بەسەر دوژمنێكی هاوبەش سەركەوتبوون. لە باكوور و باكووری رۆژئاوای شار حەلەب سوپاكانی ئەمەریكا و ئەوروپا شوێنیان گرتووە. لە باكووری رۆژهەڵاتیش رووسەكان.
لەناو سوپای رۆژئاوای، بەتایبەتی ئەمەریكی، تاقمێكی توندڕەوی سەر بە كەنیسەی ئیڤانجیلی هەوڵ دەدات ئامادەكاری بكات بۆ گەڕانەوەی مەسیح و شەڕی ئەرماگددۆن بەرپا بكات. پەڕەگیرەكانی ناو جیهادییە موسڵمانەكانیش كار دەكەن بۆ ئەنجامدانی شەڕی مەلحەمە كە فەرموودەكانی باسیان كردووە.
لەنێوان ئەو هێزانە دوو ئەفسەر پلە بچووك: (عەبدولواحد)ی موسڵمانی كورد و (شاون دێڤڵن)ی مەسیحیی ئایرلەندی كار دەكەن بۆ وەستاندنی كارەساتەكە و گۆڕینی رەوتی مێژوو.
هەرچەندە ئەمە لە دواڕۆژ روودەدات، بەڵام چەك و تەكنەلۆجیای ئەم سەردەمەم بەكارهێناوە.
[دەربارەی هەڵبژاردنی كەسێكی ئایرلەندی: سەرەتا كەسێكی سویدیم هەڵبژاردبوو چونكە سوید مێژووی داگیركاریی نییە لە وڵاتانی ئیسلامی، بەڵام دوای ئەو كارە دڕندانەیە سۆشیالی سویدی كە منداڵی موسڵمانی لە دایك و باوكی دەڕفاند بڕیارم دا بیگۆڕم. هەر لەو كاتە یان كەمێك پێشتر ئایرلەندا وەكو گەل و حكومەت گەورەترین دژایەتییان بۆ تاوانەكانی ئیسرائیل نیشاندابوو، خۆشیان داگیركاریی بەریتانییان بینیوە. ئینجا لەكۆنەوە وەكو كوردێك لەبەر ئەم هۆیە كەیفم بە ئایرلەندا دەهات]
بەپێی وەزعی ئەمڕۆش ئەو وڵاتانەم داناوە كە لەو شەڕه بەشدارن:
١-میسر وەكو ئێستا دیكتاتۆرێك حوكمی دەكات.
٢-سووریا كەسێكی بەشار ئەسەد (ئەو كاتە مابوو كە كتێبەكەم دەنووسی) بەڵام تەواو لاواز بووە.
٣-توركیا حكومەتێكی ئیسلامیی لاوازی هەیە و حزبەكان ئەوەندە ناكۆكن وڵاتەكە لاواز بووە رووسیا بە ئاسانی بە خاكی توركیا بەرەو سووریا دەڕوات.
٤-كوردستان تازە سەربەخۆ بووە و كەسایەتییەك كودەتا لەدژی حكومەتە گەندەڵەكەی بەرپا دەكات. كەسەكە دیندار نییە بەڵام دژی رۆژئاوا دەوەستێت چونكە رۆژئاوا هەمیشە كوردی بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەویست.
٥-لە ئێران ئاخوندە مەزهەبییە توندەكان لەدژی گۆڕانكاری دەوەستن و بۆ زیندووكردنەوەی سۆزی مەزهەبی سوپایەكی خۆیان و هی شیعەی عیراق و وڵاتانی تر بەرەوە نیمچە دوڕگەی عەرەب رەوانە دەكەن و ئەو سوپایەیە دەبێت كە بە رۆچوونی زەوی لەناو دەچێت وەك فەرموودەیەك باسی دەكات. دوای ئەوە گۆڕانكاری لە ئێران روودەدات و پیاوانی ئاینیی میانڕەو سەردەكەون و ئێران بەشداری دەكات لە هاوپەیمانیی ئیسلامی لەدژی رۆژئاوا و رووسیا لە سووریا و حەلەب لەدەستی لەشكری رووسیا رزگار دەكەن.
٦-سعوودیە بنەماڵەیەكی هاوشێویەی ئێستای تیایە كە حاكمەكە فاسقە و مەدخەلییەكانی لەگەڵە بەڵام سەركردەیەكی دیندار پەیدا دەبێت و بەشداری دەكات لە شەڕەكە لە سووریا.
٧-ئەمەریكا سەرۆكێكی هاوشێوەی ترامپی هەیە كە دوور لە دینە و خاوەن قومارخانەی زۆرە بەڵام وەكو سەرۆكێك بۆ ئیڤانجیلییەكان دەردەكەوێت.
---------------------------
كۆڵ مەدە:
ئەگەر خەو بە ئەنجامدانی كارێك دەكەی و تەمەڵی دەكەی یان هەست دەكەی توانات نییە كۆتایی ئەم نووسینە بخوێنەرەوە. ئەم رۆمانە 38 ساڵی برد تا لە ئاواتێكەوە بوو بە كتێبێكی نووسرا.
ئەم رۆمانە فیكرەیەك بوو یان ئاواتێك بوو (بەڵام بەم وردەكارییە نا) دوای 38 هاتە دی. ساڵی 1987 حەزم دەكرد زنجیرەیەك رۆمان بە كوردی بنووسم بۆ نیشانەكانی پێش قیامەت. ئەو ئاواتە مایەوە تا ساڵی ٢٠١٥ (یان ٢٠١٦) كە دەستم پێكرد. كتێبەكە دوای دە ساڵ تەواو بوو چونكە لێم دەنووسی و وازم لێ دەهێنا. تەنانەت دوو رۆمانی تریشم تەواو كرد كە دوو نیشانەی پێش قیامەت پێش ئەم كتێبە (هێشتا دەستنووسن و پیاچوونەوەیان پێویسته(.
ئەگەر ئاواتەخواز بووی شتێك بكەی و بۆت نەكرا یان هەستت كرد دەرەقەتی نایەی بیر لە ئەنجامدانی ئەم كتێبە بكە كە دوای 38 ساڵ لەدایك بوو. ئەگەر موسڵمانی چۆن دەستەوەستان دەبی؟ دەست بەرە كارەكە و پشت بە خوا ببەستە.
نوسخەی کاغەز:
https://www.amazon.com/dp/9933916475
نوسخەی ئەلکترۆنی (کندڵ):
https://www.amazon.com/dp/B0G574ZFKS 17-04-2026
https://www.zagros.org/kurdish-books-2026-04-17-005745 2594 جار بینراوه |