نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتە فاشلەكەی كوردستان دەڵێت پێویستە كەرتی تەندروستی بدرێتە كەرتی تایبەت چونكە بەم شێوەیەی ئێستا نیزامی سۆشیالیستییە و هی سەردەمی حكومەتی ئەوسای عیراقە واتە هی سەردەمی سەددامە.
بەواتایەكی تر، ئەندازیاری نابووتی و وێرانی شانازی بەوە دەكات كە نەخۆشخانەكان بداتە كەرتی تایبەت و ئەو سیاسەتە تەندروستییەی سەددام پیادەی دەكرد، كە دابینكردنی چارەسەرە بە نرخی كەم ،بە عەیبە دەزانێت.
بەشی نەوتراوی قسەی ئەندازیاری وێرانی ئەوەیە كە ئەو كەرتە تایبەتەی باسی دەكات تایبەتە بە خۆیان ئەگینا چ قودرەتێك دەتوانێت توخنی ئەو پرۆژە پڕ قازانجە بكەوێت؟ عەیبەی گەورەتریش ڕووبەڕووی یەكیتی دەبێتەوە كە مێشكی بردووین بە باسی سۆشیال دیموكرات بەمەرجێك ئەو پێش ئێمە دەزانێت ئەم تایبەتكردنی چەند دژ بە سۆشیال دیموكراتە. بەڵام یەكێتی لە ئاست پارە نەگوێ دەداتە عەیبە ونە ئاوڕ لە بیروباوەڕی خۆی دەداتەوە.
ئەندازیاری نابووتی داهێنانی لەوە زۆرتریشی هەیە: سەرباری هەبوونی وێستگەی كارەبا كە بە غاز كار دەكات و سەرباری هەبوونی ئەو غازە لە كوردستان، تازە بە تازە دەگەڕێتەوە بو سەردەمی فیوزی پێش كەوتنی سەددامی خاوەن نیزامی سۆشیالیستی، هەموو جیاوازییەكەش ئەوەیە لەجیاتی شەش ئەمپێرەكەی ئەوسا پیشكەوتنێكی گەورە بەخۆمانەوە دەبینین كە شەش ئەمپێرەكە دەبێتە بیست.
سەددام لە هەموویان پیاوتر بوو. ئەوسا كە سەددام مابوو دەیانوت 5%ی پارەی نەوت بۆ خەلك سەرف دەكات و ٩٥٪ ـەكەی تر بە چەك، ئینجا كە ئەوان هاتن ٥٪ ی داهاتی كوردستانیان بۆ خەلك سەرف كرد و ٩٥٪ ـەكەی تر بۆ خۆیان. كاتێكیش نەوتیان دەرهێنا هەموویان بۆ خۆیان برد و هیچ بۆ خەڵك. سەرباری هەمووشی پارەی نەوتیان وەرگرتووە و بڕەكەیان كردووە بە قەرز بەسەر شانی نەوەكانی داهاتوو.
ئەو سەددامە كە قسەمان پێ دەوت دەركەوت یەك شتی بەناوی خۆیەوە نەنووسیبوو. بۆچی؟ چونكە هەمووی عیراقی بە هی خۆی دەزانی. سەددام لەخەیاڵیشی نەبوو موڵكی لەدەرەوە هەبێت چونكە لە خەیاڵی نەبوو هەڵبێت و بچێتە ناو موڵكەكانی دەرەوەی بەڵكو تا دوا چركە لە عیراق بمێنێتەوە. قسەی ئەویش بوو كە ئەگەر بەتەنیا خۆی بمێنێتەوە و دەمانچەیەكی پێ بێت چۆڵی ناكات. بەرپرسەكانی خۆشمان لە یەكەم رۆژەوە خۆیان بە دانیشتووی كاتی كوردستان زانیبوو و بۆ هەڵهاتن حسابی دەرەوەیان كردبوو. ڕێوی ئاساش لاسایی سەددامیان كرد كە هیچ بەناوییەوە نەبوو: موڵكەكانیان لە كوردستان بە ناوی خەلكی ترەوە نووسیوە ئەویش لەبەر دوو هۆ: لەلایەك بۆ ئاشكرانەبوونیان و لەلایەك بۆ دوای هەڵهاتنیان.
سەددام شەڕێكی گەورەی هەشت ساڵیی بردەسەر بێئەوەی یەك رۆژ مووچە دوابكەوێت. دەچووە ماڵان سەلاجەی دەكردەوە تا بزانێت خەلك خواردنیان هەیە. بیرم دێت مانگی دە كیلۆ گۆشتی بەسەر هەموو ماڵێك دابەش دەكرد، دواییش لە تەلەفزیۆن وتی خەڵك گلەییمان لێ دەكەن كە گۆشتەكە كەمە ئەوا ئێمەش برَیارمان دا بیكەینە بیست كیلۆ. بڕیارەكەی جێ بەجێكرا (بەڵام میلـلەتی چاوبەرسی تەنها چەند مانگێك دەستیانكەوت و دوایی داگیركردنی كوێت ئەوەش بڕا).
ئەگەر مێژووی خۆماڵیكردنی نەوتیش بخوێنینەوە كە ئەو كاتە سەددام جێگر بوو (بەڵام هەموو شتێك بەدەست ئەوەوە بوو) دەزانین عیراق چیی كرد تا ببێتە خاوەنی ئەو نەوتەی بەشی زۆری كۆمپانیاكانی دەرەوە دەیانبرد، ئینجا بەراوردی بكەین لەگەڵ كارەكەی حكومەتەكە كوردییەكەمان كە هەموو هەوڵێكی دا تا نەوت ببێتە موڵكی كۆمپانیاكانی دەرەوە.
تەنانەت لە مەسەلەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی سەددام وتبووی كورد مافیان هەیە دەوڵەتی سەربەخۆیان هەبێت كاتێكیش سەركردەكانی حزبی بەعس پێی دەڵێن ئێران و توركیا قبووڵی ناكەن جنێو بە ئێران و توركیا دەدات: ((لەعنەت لە ئێران و توركیا و باوكی ئێران و توركیا)). ئەمەش لەكوێ لەناو كۆبوونەوەیەكی داخراو كە لەم دواییە بڵاوكرایەوە، بەڵام ئەوانەی خۆمان تەنها بە قسە و بۆ موزایەدە بەدەنگی بەرز باسی سەربەخۆیی دەكەن، كاتێكیش ڕوودەكەنە بەغدا كاسەلێسەكانیان بە سەردانییەكی مێژوویی ناوی دەبەن.
چ شتێكی سەددام لەوەی دەسەڵاتە كوردییەكە خراپترە؟ بێگومان هەڵگیرساندنی شەڕ و گرتن و ئەشكەنجە و لە سێدارەدانی نەیارەكانی و ڕووخاندنی گوندەكان. بەڵام ئایا دەسەڵاتی كوردی بەش بەحاڵی خۆی ئەم كارانەی نەكردووە؟ بەڵێ شتی زۆری كردووە:
-سەددام شەڕی لەدژی ئێران هەڵگیرساند بۆ گەڕاندنەوەی چەند شوێنێك كە بەپێی رێككەوتنی جەزائیر دابوویە ئێران. بەڵام سەددام ویستی شەڕی چەند ڕۆژە بێت و بەناچاری بوو كە هەشت ساڵی شەڕی بردە سەر. ئەوانەی خۆشمان هێشتا سەددام و مەترسیی گەڕانەوەی مابوو كاتێك ساڵی 1994 شەڕێكیان لەناو ماڵی كورد هەڵگیرساند، شەڕەكە چوار ساڵی خایاند و بە حەزی خۆیان نەك بە ناچاری درێژیان كردەوە، شەڕەكەش لەسەر دەسەڵات و لەسەر داهات بوو نەك بۆ گەڕاندنەوەی زەوییەكی داگیركراو. كەواتە لەمە دەسەڵاتی كوردی خراپتر بوو. شەڕی ناوخۆی ناوشاخیشمان لەبیر نەچێت كە ساڵی 1983 دەستی پێكردبوو و ئەویش ماوەیەكی درێژی خایاند.
-سەددام خەڵكی دەگرت و ئەشكەنجەی دەدان و لەسێدارەی دەدان، بەڵام ئایا دەسەڵاتی كوردی كەمی كردووە؟ گرتن و ئەشكەنجەدان هەیە، لەسێدارەدان ئەگەر كەمیش بووبێت شتێكی تر لەپاڵیەوە هەبووە، كوشتنی غافڵگیری. سەددام بێمنەت بوو و پێویستی بە كوشتنی لەو جۆرە نەبوو مەگەر بۆ كەسانێك لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆی. سەددامیش كاتێك لێبوردنی دەردەكرد ئەوەی تەنانەت یەك رۆژی مابووبێت بۆ لەسێدارەدان ئازاد دەكرا. ئەمەش حاڵەتێك و دوان نییە بەڵكو یاسایەك بوو جێبەجێ دەكرا. برادەرێكم وتی بردیانین بۆ ئەوەی لەسێدارەمان بدەن كەچی بینییان هەندێكمان ریشیان نەتاشیوە، یاساش وابوو لەسێدارەدراو ڕیشی تاشیبێت. برادەرەكەم وتی ئەو كەسانەیان گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ڕیش بتاشن و سبەینێ لەسێدارەیان بدەن، بەڵام ئەو ڕۆژە یان رۆژی دواتر لێبوردن دەرچوو و ئێمە ڕزگارمان بوو. تەسەور دەكەن دەسەڵاتی كوردی كاری وای لێ بوەشێتەوە؟ سەددام وەكو دەسەڵاتی خۆمان پێویستی بەوە نەبوو كەسێك دادگایی نەكرێت و لە زیندان بۆ چەند ساڵێك بمێنێتەوە. پێویستی بەوەش نەبوو ماوەی زیندانییەكەی تەواو بكات و چەند ساڵێك بیهڵێتەوە وەك چۆن دەسەڵاتی كوردی دەیكات.
-سەددام كیمیایی بەكارهێنا و گوندەكانی ڕووخاند و خەڵكی ئەنفال كرد. ڕاستە، بەڵام كاتی نەهاتووە ددان بەوە بنێین كە بەشێكی ئەو تاوانانە دڵڕەقیی سەددام بوو بەڵام بەشەكەی تر بەهۆی حزبە كوردییەكانەوە بوو؟ با ئەمەیان بۆ باسێكی تر بمێنێتەوە، بەڵام ئایا دەسەڵاتی كوردی تاوانی نزیك لەوەی ئەنجام نەدابوو؟ پارتی و یەكێتی نەبوون ئەندامی یەكتریان لە شاری خۆیان دەردەكرد و ماڵی یەكتریان داگیر دەكرد؟ ئەی سەركردەیەكی سەربازی كورد نەبوو دوای ئەوەی تەقەی لێكرا گوندێكی سووتاند؟ هەر پارتی و یەكێتیش بوون كە ئەو موستەشارانەیان گرتەخۆ كە ئامێرێكی سەددام بوون دژی گوند و گوندنشینەكانی كوردستان و لەدژی یەكتر بەكاریان هێنان.
كەواتە چ شتێكی سەددامیان نەكردووە؟ تەنها كیمیایی ماوە، دڵنیاش بن ئەگەر بڕێكی كەمیش بوایە بەكاریان دەهێنا ئەگەر هەیانبووایە و بارودۆخی نێودەوڵەتی رێگەی بدایە.
خۆزگە ناخوازین بە كاتی سەددام، بەڵام چاویش نانووقێنین لەو ڕاستییەی دەمێكە بۆمان دەركەوتووە كە لەڕووی پیاوەتی و لێهاتوویی و خزمەتی خەڵكەوە و چاونەبوون لە پارە و سامان سەددام لەوانەی خۆمان چاكتر و پیاوتر بوو، هێشتاش سەرۆكە فاشلەكەی حكومەتە فاشلەكەی كورد ڕەخنەی لێ دەگرێت كە چارەسەر بە نرخێكی كەم لە نەخۆشخانەكان لە سەددامەوە بۆمان ماوەتەوە. ئەی ئێوە چی بۆ نەوەكانی تر جێدەهێڵن؟