مه‌سعوود بارزانی هه‌ڵوێستی نابێت بۆ قه‌سابخانه‌كه‌ی رۆبۆسكی به‌ڵگه‌كه‌ش هه‌شت هه‌زار بارزانییه‌كه‌یه
فازڵ قه‌ره‌داغی
شه‌ممه-31-کانوونی یه‌که‌م(مانگی 12)-2011
له‌شوێنێكدا خوێندمه‌وه كه مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی پارتی‌و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوێستی نییه له قه‌سابخانه‌كه‌ی گوندی رۆبۆسكی له ناوچه‌ی شیرناخ كه تێیدا 35 هاوڵاتی بوونه قوربانیی بۆردومانی فرۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا (ئه‌و ژماره‌یه‌ش ڕه‌نگه كۆن بێت). هه‌ڵوێستی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمیش ده‌ربڕینی نیگه‌رانی بوو له‌و كاره‌ساته.. هه‌ر ئه‌وه‌و ئیتر ته‌واو.
ئه‌گه‌ر رابوردووی نزیكمان له‌بیر نه‌چووبێته‌وه چاوه‌ڕێی هه‌ڵوێست نابین. سیوپێنج گوندنشین چ نرخێكیان هه‌یه بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه بازرگانی‌و ئابوورییه توندوتۆڵه‌ی پارتی‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه‌تی. خه‌ڵك ده‌ڵێن خه‌ریكه كوردستان‌و به‌تایبه‌ت هه‌ولێر ده‌بنه موسته‌عمه‌ره‌یه‌كی ئابووریی توركیا. پێشتریش له ساڵی 1983 به‌عس ژماره‌یه‌كی زۆری نێرینه بارزانییه‌كانی بێسه‌روشوێن كرد. پارتی‌و بنه‌ماڵه هه‌میشه باسی (دیاریكردنی چاره‌نووسی هه‌شت هه‌زار بارزانی)یان ده‌كرد، داواكه‌ش له به‌عس بوو به‌ڵام ئه‌وه ته‌نها له‌سه‌ر لافیته‌كان‌و له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌كاندا بوو ئه‌گینا هه‌ر له‌و كاته‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی بازرگانیی توندوتۆڵی پارتی له‌گه‌ڵ كه‌سانی ده‌سه‌ڵاتداری به‌عسدا هه‌بوو و ته‌نانه‌ت باس له خودی عودی كوڕی سه‌ددامیش ده‌كرا. ئه‌و په‌یوه‌ندییه ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیی بووژاندبووه‌وه به‌تایبه‌ت به به‌راورد له‌گه‌ڵ ناچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی كه ئه‌و كاته وه‌كو ده‌ره‌به‌گه‌كانی زه‌مانی زوو خوێنی خه‌ڵكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌مژی‌و هه‌ندێك چیرۆكی سه‌یری ئه‌و كاته‌م لایه. ئه‌و ماوه‌ی مانگه‌ش له‌دوای سیویه‌كی ئاب كه پارتی یه‌كێتیی راونابوو بازرگانیی ناوچه‌ی سلێمانی له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی ژێر ده‌ستی سه‌ددام كه‌وتبووه جووڵه‌و خه‌ڵك سوودیان له‌و وه‌زعه كورتخایه‌نه وه‌رگرتبوو.
ئه‌گه‌ر خه‌ڵكیش ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌یان له‌بیرچووبێته‌وه ئه‌وه بێگومان سیویه‌كی ئابیان له‌بیرنه‌چۆته‌وه كه چۆن په‌یوه‌ندییه‌كه سه‌ربازی بوو و پارتی به‌یارمه‌تیی سوپای عیراق‌و تانكه‌كانی یه‌كێتیی ڕاماڵی‌و له‌وه به‌دواوه تانكه‌كانی سه‌ددام بوونه ره‌سیدێكی گه‌وره‌ی هێز بۆ پارتی چاوی یه‌كێتیی پێ شۆڕ بكات.
له‌و ڕۆژگاره‌دا پارتی داوای دیاریكردنی چاره‌نووسی هه‌شت هه‌زار بارزانییه‌كه‌ی نه‌ده‌كرد چونكه ئابووری له‌لایه‌ك‌و ململانه‌ی ئیسكشاندنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌لاكه‌ی تر زۆر له‌و هه‌شت هه‌زاره گرنگتر بوو، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر باسی چاره‌نووسی كوردی تر نه‌كه‌ین كه له گرنگێتیدا چه‌ند پله‌یه‌ك له‌دوای بارزانییه‌كان ده‌هاتن.
ڕه‌نگه پارتی شتێكی له‌باره‌ی چاره‌نووسی بارزانییه‌كان زانیبێت به‌ڵام به‌عس ڕێگه‌ی پێ نه‌ده‌دا روفاتی قوربانییه‌كان بهێنێته‌وه چونكه ئه‌وه تاوانباركردنی خۆیه‌تی. به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌عس زانیاریی به پارتی دابێت ئه‌و هه‌واڵه‌ی خوێندوومه‌ته‌وه (له سایتی ڕێكخراوی "چاك") ئه‌وه‌یه یه‌كه‌م جاری هێنانه‌وه‌ی روفاتی قوربانییه‌كان رۆژی 17/10/ 2005 بوو و هی 512 بارزانی بوو له سنووری نێوان عیراق‌و سعوودیه‌و دوای هێنانه‌وه‌یان له بارزان نێژران، به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه ماوه زۆره‌كه‌ی نێوان 9/4/2003 كه رۆژی كه‌وتنی به‌غدا به‌ده‌ستی ئه‌مه‌ریكییه‌كان‌و 17/10/2005 كه زیاتر له دوو ساڵه مه‌عقوولی ناكات به‌عس پێشتر شوێنه‌كانی به پارتی وتبێت‌و پارتی دوای دوو ساڵ بیانهێنێته‌وه. هه‌ردوو حاڵه‌تیش به خراپ به‌سه‌ر پارتی‌و بنه‌ماڵه‌دا ده‌شكێته‌وه: ئه‌گه‌ر به‌عس هیچی پێ نه‌وتبن ئه‌وا حسابی بۆ نه‌كردبوون‌و ئه‌وانیش گوێیان نه‌داوه‌تێ. ئه‌گه‌ر زانیاریشی پێ دابن ئه‌وا له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی بازرگانی‌و سه‌ربازی دیسان گوێیان نه‌داوه‌تێ. له هه‌ر دوو حاڵه‌تیشدا ده‌یانتوانی به‌لای كه‌مه‌وه به جه‌ماوه‌ر ڕابگه‌یه‌نن كه به‌عس ئاماده نییه چاره‌نووسی ئه‌و بارزانییانه بڵێت یان به‌عسی پێی وتوون به‌ڵام ڕێگه نادات بیانهێننه‌وه هه‌رچه‌نده ئه‌و كاته به زمانی خۆیان ده‌یانسه‌لماند كه په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ به‌عسدا هه‌یه، بۆیه باشترین شت بێده‌نگی بوو و به‌رده‌وامبوون بوو له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌و هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و پشتگیرییه سه‌ربازییه. ئه‌و ده‌ستكه‌وته گه‌وره‌یه‌ش هه‌ڵوێستی بارزانی‌و حزبه‌كه‌یمان بۆ ته‌فسیر ده‌كات سه‌باره‌ت به نه‌خشه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ گرتنی عیراق كه ساردی‌و مه‌ترسی‌و گومانكردن بوو نه‌ك خۆشحاڵی‌و به‌ره‌وپیره‌وه‌چوون.
كه‌واته زۆر به‌كورتی سه‌ری خۆمان ده‌یه‌شێنین ئه‌گه‌ر داوای هه‌ڵوێست له مه‌سعوود بارزانی سه‌باره‌ت به قه‌سابخانه‌كه‌ی رۆبۆسكی بكه‌ین چونكه قه‌سابخانه‌ی بارزانییه‌كان هی خزمانی خۆی بوو و قه‌سابخانه‌یه‌كی گه‌وره‌تر بوو كه به هه‌شت هه‌زار كه‌س مه‌زه‌نده‌ی ده‌كرێت‌و هێشتا بێده‌نگیی هه‌ڵبژاردبوو، له‌كاتێكدا قوربانییه‌كانی شیرناخ ته‌نها 35 كه‌سن‌و خه‌ڵكی گوندێكی كوردستانی باكوورن، په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانی پارتی‌و بنه‌ماڵه‌ش له‌گه‌ڵ توركیا زۆر له‌وانه‌ی كاتی به‌عس گه‌وره‌ترن.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2011-12-31-034.html