ئه‌وانه‌ی کوردستانیان دابه‌ش کرد و ئه‌وانه‌ی زمانه‌که‌مان دابه‌ش ده‌که‌ن..
يه‌کن.!
موحسین جوامێر
mohsinjwamir@hotmail.com
هه‌ر له‌و ڕۆژه‌ی
کوردستان دابه‌ش کراوه، قسه نه‌ما به زلهێزان نه‌ڵێين، گله‌یی نه‌ما له
دۆست و دوژمنی نه‌که‌ین، تانه نه‌ما له‌م و له‌وی نه‌ده‌ین و قوڕی دنيا
نه‌ما بۆ به‌ختی خۆمانی نهپێوين.. ته‌نانه‌ت کوفر و ناشکوری نه‌ما
نهيکهين، موقه‌دده‌سات نه‌ما پڕی نه‌ده‌ینێ و مێژوو نه‌ما نهيشێوێنين..
تاکه شت که توانيبێتمان تۆزێک پشووی پێوه بده‌ين، به هاوينان له‌به‌ر
سێبهريدا دانيشين و به زستانانيش خۆمانی پێوه گه‌رم بکه‌ين، زمان بوو..
تاکه پارچه‌ی کوردستانيش که ئه‌رکی پاراستنی قه‌واره‌ی کورد و زمان و
کولتووره‌که‌ی پێ سپێردرا و توانی له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌ڵبه‌زين ودابهزينێکدا،
به‌رده‌وام بێت، باشووری کوردستان بوو، که بووه جێنه‌زه‌رگه‌ی کوردان و
ژوانگه‌ی مهم و زينان، چ له مه‌هاباد و قامشلۆ و سلێمانی و ئامه‌د و
بادينان و هه‌ورامان، چ له‌نێو کوردێن قه‌فقاس و
یهريڤان.
من نه
خوێندوومه‌ته‌وه و نه بيستوومه زمانێک له ئه‌نجامی سازدانی کۆڕ و
کۆبوونه‌وه‌ی کۆڕی زانياريی ميلله‌تێک له دایک بووبێت، به‌ڵام بووه له‌و
شوێنه‌دا ههڵيپهرتێون و جوان و قشت و ژيکهڵهی که‌ن و ئه‌وجا بيخه‌نه
به‌ردڵان و شاییی بۆ بکه‌ن.. له کووله‌که‌ی ته‌ڕی زمانهوانیشم نه بيستووه
که بۆی هه‌يه ڕۆژگارێک بێت ( هين ) ديالێکتێکی هه‌بێ، ئه‌وجا ( هه‌رامه
)، پاشان ( فڵان و بێڤان )، دوايی ( واک و وانه‌ک ) و ئه‌نجا ( يارۆ )، پاش
ئه‌مه هه‌ر يه‌که‌و ( ئه‌لفوبێ ) يه‌کی هه‌بێ، ورده ورده په‌ره‌يان پێ
بدرێ و بهرودوایش هه‌ر له‌هجه‌يه‌ک کۆڕیکی زانياريی زمانه‌وانيی هه‌بێت، بۆ
ئه‌وه‌ی ـ گوايا ـ ڕۆژێک له ڕۆژان له‌به‌ینی خۆيان‌دا لههجهيهکی تێکه‌ڵاو
پێک بهێنن و ئه‌وجا بیکه‌ن به زمانی ستاندارد ودنيای پێ بخه‌ملێنن.. نه‌خێر،
نه‌بووه شتی ئاوا له مێژووی زماناندا ڕوو بدات، يا ئه‌گه‌ر قه‌وما بێت
ئه‌وا ته‌نيا چه‌ند زمانێکی نوێ له دايک بوونه و هيچی ديکه‌ی لێ وه‌پاش
نه‌که‌وتووه، نه له ڕۆژئاوا و نه له ڕۆژهه‌ڵات.
کاتێ نووسه‌رێک که
له گه‌شه‌سه‌ندنی له‌هجاندا بۆ زمانان بێئاگايه، ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر ـ بۆ
نموونه ـ زازاکان به شێوه‌ی خۆيان نه‌خوێنن، ئه‌وا ده‌بن به تورک چ له
زه‌وین يان له هه‌وایه..! ئه‌و قه‌ڵه‌مداره به‌ڕێزه نازانێ که ئه‌و
بانگه‌وازه وا ده‌کات گه‌لێ مه‌ی زازا ـ ماده‌م به ده‌وری زمانی ستانداردا
ناخولێنه‌وه ـ په‌يتاپه‌يتا به‌ره‌و دابڕان بڕۆن، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ت زانی
بوون به قه‌ومی زازا، ئهوانيديکهش لێی ده‌بنه ئامۆزا.. که ئه‌و هه‌سته‌ش
په‌يدا بوو و له نێو دڵان‌دا زا، ئه‌وا زیانه‌که‌ی بۆ کورد يه‌ک شته،
ئه‌گه‌ر ببن به تورک يان به گه‌لێکی تازه.. بۆيه زۆر گرنگه سه‌ردار و
ڕۆشنبيری کورد چ ئه‌وه‌ی له خوارێیه يان له هه‌ورازه، مه‌ترسيی ئه‌و
تێزه ناعيلمی و ناواقيعييانه باش ده‌رک بکا، به‌ر له‌وه‌ی بڵێین کار له‌کار
ترازا.!
له به‌رنامه‌يه‌کی
تايبه‌تیی ته‌له‌فزيۆنيدا، نووسه‌رێک که چه‌ند کتیبێکی به له‌هجه‌ی زازا
نووسيوه، له وه‌ڵامی پرسيارێکدا گوتی : ئێمه‌ی کوردی زازا، کار له‌سه‌ر
ئه‌وه ده‌که‌ين به‌ر له‌هه‌ر شتێک له‌چوارچێوه‌ی له‌هجه‌کانی زازادا
لههجهيهکی ستاندارد هه‌ڵبژێرين، پاشان بۆ ته‌رجه‌مه‌کردنی به‌رهه‌م و
کتێبه‌کانمان بۆ سۆرانی و کرمانجی ـ بۆ نموونه ـ کۆميتهيهکی هاوکار دروست
بکه‌ین و دایبڕێژين..؟! .. شه‌ل نييه پای شکاوه.! هه‌ر يه‌کێک ـ هه‌تا
ئه‌گه‌ر له زانستی زمانيشدا ده‌ستوپێ سپی و چهچهپل بێت ـ له قسه‌ی گۆرێن
ورد بێته‌وه، ده‌زانێ ئه‌و کاره بۆ دروستکردنی زمانێکی ديکه‌يه نه‌ک
کوردی، ئه‌گه‌رچی بۆ ماوهيهکيش ناوی کوردی ده‌خۆ بگرێت، هه‌روه‌ک هه‌نووکه
ئه‌م ديارده‌يه له ئه‌وروپا سه‌ری هه‌ڵداوه و له سۆنگه‌ی ئه‌مه‌وه يه‌ک
زمانی کوردی بووه‌ته زمانی سۆرانی و بادينی و کرمانجی و زازايی و فه‌يلی و
هه‌تا دێ، چ له شار و چ له دێ.. ئه‌گه‌ريش کار ئاوا بڕوات، ئه‌وا هه‌مان
ڕه‌وشی له کۆندا به‌سه‌ر زمانه‌کانی ديکه‌دا هات، به‌سه‌ر کورديیشدا دێت،
بێ که‌م و زیاد.. تاکه جياوازييش له نێوان ئه‌وسا و ئێسته‌دا ئه‌وه‌یه
پێشان به شێوه‌يه‌کی هاکه‌زایی ( عه‌فه‌وی ) بوو، که‌چی ئێسته به
ئه‌نقه‌ست و
ئاگاداری.
وا بزانم هه‌نگاوی
گه‌وره‌مان هاوێشتبوو، تا ئێسته‌يش نه خراپه، به‌ڵام ئه‌و ده‌نگانه‌ی
لێره‌وله‌وێ ڕاست ده‌بنه‌وه، ئه‌گه‌ر بێتوو سه‌ر بگرن و به‌خۆياندا
نه‌چنه‌وه، زيانێکی پشتشکين به‌ر داهاتوو و ناسنامه‌مان ده‌که‌وێت، بگره
ئه‌ستێره‌ی کوردايهتی و کوردستانييهتمان ده‌که‌وێته لێژی و له
سه‌رگه‌ردانی بترازێ چيديکه ناچنينهوه.. جگه له‌وه‌ی ئه‌و كات هيچ
جياوازييش له نیوان ئه‌و هێزانه‌ی له دێرزه‌ماندا کورديان وه‌ک وڵات دابه‌ش
کرد و ئه‌و پيلانه خۆماڵييهی ئێسته به‌ده‌ستی کورد پياده ده‌کرێت، به
کردنی به چه‌ند له‌هجه و بنلههجه، نامێنێت، بگره ئه‌وه‌يان زۆر
مهترسيدارترو داپڵۆسێنهرتره، چونکه ده‌مانکات به پارچه‌ی چکۆلانهتر و
ههشبهسهرتر.. ئه‌وسا شایه‌نی ئه‌وه ده‌بين نه‌ياران پێمان بێژن : ساوارێ
ناخۆن ئه‌ی ميلله‌تی له داهاتوو نهگهيشتوو.! |