کاک سه‌رۆ کام پێشکه‌وتنه‌مان پێ ده‌فرۆشێت
له سایه‌ی گرێی خۆبه‌که‌مزانیه‌که‌ی کاک جه‌مالدا؟!
نه‌وزاد عه‌لائه‌دین نوری
هه‌ینی-04-ته‌ممووز(مانگی 7)-2008
( له‌گه‌ڵ ره‌نج) ی که‌ناڵی کوردسات له‌م ئه‌ڵقه‌یه‌ی دواییدا که له‌سه‌ر عه‌لمانیه‌ت بوو ، یه‌کێک له میوانه‌کانی کاک سه‌رۆ قادر بوو یه‌کێکی تریشیان کاک جه‌مال بوو ، که هه‌ردووکیان بانگه‌شه‌ی عه‌لمانیه‌تیان ده‌کرد. به‌داخه‌وه که به‌رنامه‌که راسته‌وخۆ نه‌بوو ده‌نا هه‌ر ئه‌وکات په‌یوه‌ندیم ده‌کرد بۆ ده‌ربڕینی هه‌ندێ تێبینی و سه‌رنج . له‌قسه‌کانی کاک جه‌ماله‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌م و پاشان ده‌چمه سه‌ر قسه‌کانی کاک سه‌رۆ.... کاک جه‌مال پێی وابوو کاتێک ئێمه ته‌کنه‌لۆژیای خۆرئاوا به‌کاردێنین که‌وابوو ده‌بێت کلتوره‌که‌شیان و سیستمی حوکمڕانیه‌که‌شیان وه‌ربگرین ، نه‌ک هه‌رئه‌وه به‌ڵکو ئه‌و لای وابوو ده‌بێت گشت شته‌کان پێکه‌وه هه‌مووی وه‌ربگرین هه‌ر له‌ئازادی و دیموکراتیه‌وه بۆ مافی مرۆڤ و بۆ مافی ئافره‌ت و یه‌کسانی ژن و پیاو و هه‌تا ده‌گاته عه‌لمانیه‌ت ، ناکرێت شتێکی وه‌ربگرین و گله‌یی له شتێکی تریان بکه‌ین چونکه به‌رای ئه‌و ئه‌گه‌ر موگناتیسێک هه‌بووایه شته‌کانی خۆرئاوا بگرێته خۆ ئه‌وا چاویلکه‌که‌ی کاک سه‌رۆشی به چاویه‌وه نه‌ده‌هێشته‌وه ، ئیتر ئێمه شانازی به چیه‌وه بکه‌ین که هه‌مووی هی خۆرئاوا بێت ؟ به‌راستی قسه‌کانی کاک جه‌مال ته‌واو سه‌لماندی که ئه‌و خۆی و ئه‌وانه‌ش که وه‌ک ئه‌و بیر ده‌که‌نه‌وه تاسه‌ر ئێسقان له گرێی خۆ به‌که‌مزانیندا (عقدة الشعور بالنقص)دا ده‌ژین له به‌رامبه‌ر خۆرئاوا‌و به‌هاکانیدا ، هه‌روه‌ک مامۆستا سه‌عید حه‌وا له با‌سێکیدا به ناونیشانی ( نحو حضارة اسلامیة عالمیة) باس له‌وه ده‌کات گه‌لی دواکه‌وتوو هه‌ست به که‌می ده‌کات له‌به‌رامبه‌ر گه‌لی پێشکه‌وتوودا که ئه‌میان هه‌ست به له‌خۆ بایی بوون ده‌کات . ره‌فتاری دوای هه‌ستکردن به‌که‌میه‌که بریتیه له لاسایی کردنه‌وه و ره‌فتاری دوای هه‌ستکردن به له‌خۆبایی بوونیش هه‌وڵدانه بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر به‌رامبه‌ردا . له‌م حاڵه‌شدا خۆرئاوا زۆر لێزانانه ئه‌م باره‌ی بۆ خۆی ره‌خساندووه و هه‌له‌که‌ی قۆستووه‌ته‌وه و پێمان ده‌ڵێت کاکه هۆی دواکه‌وتنی ئێوه ئاینه‌که‌تانه و سیستمی ئاینی رێی له ئێوه گرتووه که پێشبکه‌ون ، ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت له دواکه‌وتن رزگارتان بێت شوێن سیستمی ئێمه بکه‌ون و رێگه‌ی ئێمه بگرنه‌به‌ر ، ئیتر ئه‌وانه‌ی وه‌ک کاک جه‌مال هه‌ستکردن به‌که‌میه‌که له ناخیاندا کاریگه‌ری ته‌واوی هه‌یه و ته‌کنه‌لۆژیای خۆرئاوا ئه‌بڵه‌قی کردوون ته‌سلیم به‌م بانگه‌شه‌یه بوون و کوێرانه بانگه‌شه بۆ لاسایی کردنه‌وه‌ی خۆرئاوا ده‌که‌ن . بێ ئاگا له‌وه‌ی که پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆژیا هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به که‌نارخستنی ئیسلامه‌وه نیه‌و ته‌نها ئه‌وه بۆ له خشته بردنه و هیچی تر ، به‌ڵکو پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆژیا هه‌لومه‌رجی خۆی هه‌یه وه‌ک دواتر باسی ده‌که‌ین . تاکه زامنیش بۆ ده‌باز بوون له‌م داوه‌ی خۆرئاوا بۆی ناوینه‌ته‌وه بریتیه له هۆشیاری و زرنگی ، چونکه ده‌کرێت ئێمه ته‌کنه‌لۆژیا وه‌ربگرین به بێ ئه‌وه‌ی ناچار بین کلتوری ئه‌وان بسه‌پێنرێت به‌سه‌رماندا ، ده‌کرێت شانازی به ئاین و کلتوری راست و ره‌سه‌نی خۆمانه‌وه بکه‌ین و پێوه‌رێکی هه‌ستیاریشمان هه‌بێت بۆ کێشانه‌ی بیر و بۆچوون و کلتوری ئه‌وان ، چونکه هه‌رگیز هه‌موو شتێكی ئه‌وان راست نیه و هه‌موو شتێکی ئێمه‌ش چه‌وت نیه و، باشترین نموونه‌ش چه‌کی ئه‌تۆمی ئێمه به‌رهه‌ممان نه هێناوه و به‌کاریشمان نه‌هێناوه ، ئه‌وه گه‌وره‌ترین تیرۆریستی دنیایه ( ئه‌مه‌ریکا ) که به‌و جۆره ره‌فتاری کردووه و مرۆڤی پێ ته‌فرو تونا کردووه و شاری پێ خاپور کردووه. ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ر ئاینێک یان مه‌زهه‌بێکی تری دنیا راست بێت که گوایه رێ له پێشکه‌وتن ده‌گرێت ئه‌وا به‌هیچ جۆرێک به‌سه‌ر ئیسلامدا پیاده ناکرێت و نا سه‌لمێت ، چونکه ئه‌گه‌ر کاک جه‌مال وه‌ک خۆی ده‌رخست که شاره‌زای ده‌قه‌کانی ئیسلام و کتێبه ئیسلامیه‌کانه به ته‌نها بچێت ته‌ماشای بابه‌تی ( فرض الکفایة) بکات و بزانێت زانایانی ئیسلام چ جۆره پیشه‌و چ جۆره زانستێکیان له بواره‌کانی ژیانی مرۆڤدا له‌م به‌شه‌دا باسکردووه ، که به‌ده‌ست هێنانیان واجب کردووه به‌سه‌ر ئوممه‌تی ئیسلامیه‌وه ئه‌وکات بۆی ده‌رده‌که‌وێت که ئیسلام باشترین هانده‌ره بۆ پێشخستنی ژیانی تاک و کۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌ت له هه‌موو روویه‌که‌وه. کاک جه‌مال سیفه‌تێکی ئیسلامی دزیوه و داویه‌تی به به‌هاکانی خۆر ئاوا ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که پێی وایه ئێمه ده‌بێت به‌هاکانی خۆرئاوا هه‌مووی وه‌ربگرین بێ به‌ش به‌شکردن و ناکرێت مافی مرۆڤه‌که‌ی وه‌ربگرین و دیموکراتیه‌که‌ی وه‌رنه‌گرین و به‌م چه‌شنه هه‌تا دوایی ، که له‌ڕاستیدا ئه‌مه سیفه‌تێکه خوای گه‌وره بۆ ئیسلامی داناوه که هه‌مووی به‌یه‌که‌وه وه‌ربگرین و گوڵبژێری نه‌که‌ین به ئاره‌زووی خۆمان و ، بڕوا به هه‌ندێکی بکه‌ین و بڕوا به هه‌ندێکی تری نه‌که‌ین و کار به هه‌ندێکی بکه‌ین و هه‌ندێکی تری فه‌رامۆش بکه‌ین.( افتؤمنون ببعض الکتاب و تکفرون ببعض). نازانم کێ له‌گه‌ڵ ئه‌و رایه‌ش‌دایه که له‌به‌رئه‌وه‌ی من لاپتۆپی خۆرئاوا به‌کاردێنم ، پێویسته له‌هه‌مان کاتدا رازی بم به‌وه‌ی که رێگه بده‌ین وه‌ک خۆرئاوا نێر و نێر ، مێ و مێ به‌ره‌سمی له‌یه‌ک ماره بکرێن! کاکه گیان ته‌کنه‌لۆژیا به رێی خۆیی و ، عه‌لمانیه‌تیش به رێی خۆی ، تێکه‌ڵکردنیان به یه‌که‌وه خۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و چه‌واشه‌کردنی خه‌ڵکه ، هه‌ریه‌ک له چه‌مکه‌کانی ئازادی و دیموکراتی و یه‌کسانی ژن و پیاو و هه‌تا دوایی، ئه‌و بوارانه جێی قسه‌و باسێکی زۆرن و هه‌ریه‌ک له‌و چه‌مکانه مرۆڤی موسڵمان قسه‌ی خۆی هه‌یه له‌سه‌ریان له سایه‌ی قورئان و سوننه‌تدا که سه‌رچاوه‌و به‌رنامه‌ی ژیانی موسڵمانن و ، ناکرێت وه‌ک تۆ یان هه‌ر که‌سێکی تر که زه‌ربێکی به‌سه‌ر ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌یه‌دا هێناوه بیر بکاته‌وه و خۆی به هه‌واو ئاره‌زووی خۆی بڕیار بدات یان خۆی ته‌سلیم به ئاره‌زووی خه‌ڵکانی تر بکات و له جیاتی عه‌بدایه‌تی خوا عه‌بدایه‌تی هه‌زاره‌ها ئاره‌زووی نادروستی خه‌ڵکی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا بکات . هه‌رگیز دروستکردنی رادار به‌ڵگه نیه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی عه‌لمانیه‌ت ره‌وایه و دروستکردنی وردبین به هیچ جۆرێک ئه‌وه ناسه‌لمێنێت که دیموکراتی هه‌قه یان به‌تاڵه ، فڕێدانی حیجابیش رێگه نیه بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئایدز یان حه‌ڵاڵکردنی مه‌ی خواردنیش دروستکردنی مانگی ده‌ستکردی لێ ناکه‌وێته‌وه . ئیتر بۆ خۆمان بخه‌ڵه‌تێنین و ته‌کنه‌لۆژیا و کلتور تێکه‌ڵ بکه‌ین و ئه‌وه‌نده به گیانێکی به‌زیوه‌وه سه‌یری کلتوری خۆمان بکه‌ین و کلتوری خۆرئاوا به پیرۆز بزانین. کاکه گیان نموونه‌یه‌کی بچووک بڕوانه بۆ خه‌ڵکی که‌نداو و بورجه‌کانی دوبه‌ی له‌کوێن ،که‌چی حاکمی دوبه‌ی پشتی له جلوبه‌رگی نه‌ته‌وه‌که‌ی نه‌کردووه و به شانازیه‌وه جزداشه‌و عه‌گاله‌که‌ی له‌به‌ر ده‌کات و کاربه‌ده‌سته‌کانیشیان زۆربه‌یان خاوه‌ن بڕوانامه‌ی باڵا‌و ماسته‌ر و دکتۆران به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌ون له رێزگرتن له جلوبه‌رگی نه‌ته‌وه‌که‌یان ، به‌ڵام لای ئێمه بڕوانه ئه‌وه‌ی به جلی کوردیه‌وه بچێت بۆ ده‌وام له دام‌و ده‌زگاکانی میریدا گاڵته‌ی پێ ده‌که‌ن و جێی سه‌رسامیه و به‌رپرسه‌کانیشمان ئه‌ڵێی به قات و بۆینباخه‌وه له‌دایک بوون. ئه‌گه‌ر موگناتیسه‌که‌ی تۆ باست کرد جلوبه‌رگیشی کێش بکردایه ئه‌وا جله‌کانی به‌ریشتانی لێ داده‌ڕنین. شتێکی تر که په‌یوه‌ندی به کلتور پێشکه‌وتنه‌وه هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که کاک جه‌مال شانازی کرد به ته‌لار و باڵه‌خانه‌وه که له کوردستان دروستکراون له سایه‌ی عه‌لمانیه‌تدا ، به بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت که هه‌ر ده‌ستکه‌وتێکی ماددی پێشکه‌وتوو ئه‌گه‌ر کلتورێکی ره‌سه‌نی له پشته‌وه نه‌بێت جێی قێز لێ بوونه‌وه‌یه نه‌ک رێز و سه‌رسام بوون. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌و ته‌لارانه له‌سه‌ر حسابی کێ کراون له‌سه‌ر حسابی برینداره‌کانی کیمیایی هه‌ڵه‌بجه وکه‌لاوه‌کانی هه‌ڵه‌بجه وکه‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان نه‌کراون ؟ ئایا کاک جه‌مال ده‌توانێت پێمان بڵێت بینای کوردسات له‌که‌یه‌وه کراوه و ، فه‌رمانگه‌کانی حکومه‌تیش تا ئێستا چه‌ندیان له کرێچی ماڵاندان؟! هه‌ر مامۆستا سه‌عید حه‌وا له هه‌مان بابه‌تدا نموونه‌یه‌کی زۆر جوان دێنێته‌وه که له‌هه‌شتاکاندا باسی ده‌کات و بۆ ئه‌م واقیعه‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه زۆر جوانه و ده‌ڵێت : گریمان کۆمه‌ڵێك دز به پاره‌ی دزی و راو و رووت و ته‌زویر توانیان کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک دروست بکه‌ن و دوا به‌رهه‌مه‌کانی پێشکه‌وتن و ته‌کنه‌لۆژیای تیا دابین بکه‌ن ، ئایا ده‌کرێت به‌و کۆمه‌ڵگه‌یه بڵێین کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پێشکه‌وتوو ! له رووی ژیاری و کلتوریه‌وه ؟ بێگومان نه‌خێر ته‌نها له رووی ماددیه‌وه پێشکه‌وتوون و ئیتر له بواری کلتور و ژیاردا دواکه‌وتوون. له‌به‌رئه‌وه پرسیار ده‌که‌م که سێک به گه‌نده‌ڵی و پاره‌ی میلله‌ت ته‌لار دروست بکات ئیتر چۆن بڕوانین بۆی ؟ ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر قسه‌کانی کاک سه‌رۆش ئه‌وا پوخته‌ی قسه‌کانی له‌سه‌ر عه‌لمانیه‌ت ئه‌وه بوو عه‌لمانیه‌ت بریتیه له پێشکه‌وتن و هاوکات زه‌روره‌تێكی مێژووییه و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ته‌وژمی به عه‌لمانی کردن نه‌بێت مانای وایه له‌گه‌ڵ دواکه‌وتن و کۆنه‌په‌رستیه و دژی پێشکه‌وتنه ! بۆ چه‌ندین جار عه‌لمانیه‌تی به هاوشانی له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتندا باسکرد وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشکه‌وتن و عه‌لمانیه‌ت دوو رووی یه‌ک دراو بن . به واتایه‌کی تر ده‌یویست پێشکه‌وتنمان وه‌ک کاڵایه‌ک پێ بفرۆشێت به‌رامبه‌ر به عه‌لمانی بوونمان و خۆ ئه‌گه‌ر رازی نه‌بین و عه‌لمانیه‌ت ره‌فز بکه‌ین ئه‌وا ده‌بێت هه‌تا ماوین له تاریکی دواکه‌وتندا بێ شێو سه‌ر بنێینه‌وه. به‌ڕاستی پێکه‌وه گرێدانی پێشکه‌وتن وسیستمی عه‌لمانیه‌ت به‌و شێوه ره‌هایه خۆڵکردنه چاوی خه‌ڵکیه و ختوکه‌دانی ئاره‌زووی پێشکه‌وتنه له هه‌ست و نه‌ستی هه‌موو تاکێکدا به‌مه‌به‌ستی راکێشانی به‌ره‌و بازنه‌ی ته‌سلیم بوون به ته‌وژمی به عه‌لمانیکردنی تاکی کورد و کۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌تی کوردی و هاوکات دوور خستنه‌وه‌یان له ئیسلام به تایبه‌تی و له ئاین به‌گشتی له کوردستاندا . ئه‌م جۆره یاری کردنه‌ش به‌و زاراوانه و پێکه‌وه گرێدانی پێشکه‌وتن و عه‌لمانیه‌ت به‌و شێوه نازانستییه پێش هه‌موو شتێک رێز نه‌گرتنه له عه‌قڵی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی ئه‌و رووی قسه‌کانی ئاراسته کردبوون له مینبه‌ری (له‌گه‌ڵ ره‌نج) ه‌وه که به‌رنامه‌یه‌که کێشی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و جه‌ماوه‌ری خۆی هه‌یه. ئه‌و ده‌یویست به لکاندنی عه‌لمانیه‌ت به پێشکه‌وتنه‌وه ئه‌وه به جه‌ماوه‌ر رابگه‌یه‌نێت که ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت پێشبکه‌ویت وه‌ک ئاواته خوازیت ئه‌وا باوه‌ش بکه‌ره‌وه بۆ عه‌لمانیه‌ت و ، له‌هه‌مان کاتیش‌دا به عه‌لمانیبوون و به عه‌لمانی کردنی به زه‌روره‌تی مێژوویی ناو ده‌برد بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر له ژێر کاریگه‌ری و ئیحای وشه‌ی ( زه‌روره‌تدا) چی دی به‌رگری نه‌کات و ئاسانتر واز له مه‌له‌کردن له‌دژی ته‌وژمی به عه‌لمانی کردن بهێنێت و خۆی بدات به‌ده‌م شه‌پۆله‌کانیه‌وه و له‌گه‌ڵیدا بڕوات و دوانه‌که‌وێت. به‌بێ سه‌لماندن ده‌یویست وه‌هم و خه‌یاڵمان به نرخی هاوکێشه و به‌ڵگه نه‌ویست پێ بفرۆشێت و پێمان بڵێت نرخی پێشکه‌وتن یه‌کسانه به وازهێنان له ئیسلام و پیرۆزیه‌کانی. به‌هۆی ئه‌م چه‌واشه کاریه‌ی کاک سه‌رۆوه به‌پێویستم زانی چه‌ند تێبینیه‌ک بنوسم و به کاک سه‌رۆ و هه‌موو ئه‌وانه‌ش وه‌ک ئه‌و بیر ده‌که‌نه‌وه رابگه‌یه‌نم که تکا ده‌که‌م چی تر خۆڵمان به نرخی زێڕ پێ مه‌فرۆشن!. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته کاک سه‌رۆ و هاوشێوه‌کانی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر باسی مه‌رجه‌کانی پێشکه‌وتن و بابه‌تیانه ته‌ماشای بکه‌ن. پێشکه‌وتن نرخی خۆی هه‌یه به دوور له بابه‌تی عه‌لمانیه‌ت و ئیسلام . به کورتی و به پوختی : ده‌شێت بوزییه‌ک یان موسڵمانێک یان عه‌لمانیه‌ک ...هتد پێشکه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت ئه‌گه‌ر هه‌لو مه‌رجی پێویستی پێشکه‌وتن ده‌سته به‌ر بکات . هه‌روه‌ها ده‌کرێت سیستمێکی ئیسلامی یان مه‌سییحی یان بوزی یان عه‌لمانی پێشکه‌وتن بۆ وڵاتی خۆی ده‌سته‌به‌ر بکات ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌کانی پێشکه‌وتن دابین بکات. ئیتر بۆچی ده‌بێت خه‌ڵکی به هه‌ڵه‌دا به‌رین و بڵێین واز له ئیسلامه‌که‌ت بهێنه بۆ ئه‌وه‌ی پێش بکه‌ویت. به‌ڵێ پێشکه‌وتن هه‌ندێ مه‌رج و یاسای خۆی هه‌یه هه‌رکه‌سێک جێبه‌جێی کرد یان هه‌ر رژێمێک پابه‌ندی بوو هه‌ر ئاین و مه‌زهه‌ب و بیروباوه‌ڕێکی هه‌بوو ده‌توانێت پێشکه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت. وه‌ک مامۆستا سه‌عید حه‌وا له هه‌مان بابه‌تدا که پێشتر ئاماژه‌م بۆ کرد ( نحو حضارة اسلامیة عالمیة) باسی کردووه مه‌رجه‌کانی یان یاساکانی به‌ده‌ستهێنانی پێشکه‌وتنی شارستانی ( التقدم المدني) بریتین له‌م خاڵانه‌ی لای خواره‌وه: 1)به‌کارهێنان و سوود وه‌رگرتنی ته‌واو له خێر وبێری ناخ و رووی زه‌وی . هه‌ر میلله‌تێک توانی سوودمه‌ند بێت له خێر وبێرو سامانه‌کانی ژێر زه‌وی و هه‌روه‌ها رووی خاکه‌که‌ی و ، به‌باشی به‌کاری هێنا ئه‌وا هه‌نگاوێکی ناوه بۆ پێشکه‌وتن. 2)به‌فیڕۆ نه‌دانی کات و به‌رنامه رێژی کاته‌کان ، به جۆرێک هیچ به‌شێک له‌کات به بێ سوود و بێ به‌رنامه له‌ده‌ست نه‌چێت. 3)بوونی که‌سانی پسپۆڕ‌و تایبه‌تمه‌ند له‌هه‌موو بواره‌کاندا که پێویستیه‌کانی ژیانی میلله‌ت پڕ بکه‌نه‌وه و، بتوانن به کارامه‌یی و دڵسۆزانه رۆڵی خۆیان ببینن. 4)بوونی سیستمێکی حوکمڕانی جێگیر و سه‌قامگیر که که‌شێکی له‌بار بۆ ئه‌و کارانه‌ی سه‌ره‌وه دابین بکات. 5)بوونی رۆشنبیری و کلتورێکی گونجاو بۆ هاندانی ئه‌و پێشکه‌وتنه . به‌ڵێ به جێبه‌جێکردنی ئه‌م خاڵانه پێشکه‌وتن به‌دی دێت ، ئیتر سیستمی حوکمڕانی شیوعی بێت یان سه‌رمایه‌داری یان موحافزکار یان ئاینی. ئیتر په‌یوه‌ستکردنی عه‌لمانیه‌ت به پێشکه‌وتنه‌وه ئاسنی سارد کوتانه ، چونکه عه‌لمانی بوون خودی خۆی وه‌ک بیر و بۆچوون و وه‌ک سیستمی حوکمڕانیش هیچ یه‌کێک له خاڵه‌کانی یان یاساکانی پێشکه‌وتنی له خۆ نه‌گرتووه ، به‌ڵکو ده‌سته‌به‌ر کردنی ئه‌و خاڵانه وابه‌سته‌ی ئیراده‌ی که‌سانێکه که دوور له گه‌نده‌ڵی و کات کوشتن و بێ به‌رنامه‌یی مشور له سامانی میلله‌ت بخۆن و خاکی خۆیان نه‌گۆڕنه‌وه به دۆلاری داگیرکه‌ران و که‌سانی شیاو و پسپۆڕ بخه‌نه سه‌ر کاره‌کان و بڕیار بده‌نه ده‌ست که‌سانی تایبه‌تمه‌ند نه‌وه‌ک که‌سانی بێ مسته‌وا ته‌نها له‌به‌ر حزبی بوونیان و له‌به‌ر شه‌ڕی ناوخۆ و شه‌ڕه کورسی و شه‌ڕه پاره و حزبایه‌تی که‌شی پێشکه‌وتن له‌بار به‌رن و خاک و خه‌ڵکیش به‌ره‌و هه‌ڵدێر به‌رن. بۆ نموونه هه‌ریه‌که له ئه‌ڵمانیای خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا هه‌ردووکیان عه‌لمانی بوون ئه‌ی بۆچی ئه‌ڵمانیای خۆرهه‌ڵات به چه‌ندین قۆناغ له‌دوای ئه‌ڵمانیای خۆرئاواوه بوو ، راسته ئه‌ڵمانیای خۆرهه‌ڵاتیش کارگه‌ی تیا بوو به‌ڵام کاتی رووخانی دیواری به‌رلین و یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئه‌ڵمانیا یه‌کێک له گرفته‌کان ئه‌وه بوو که به‌رهه‌مه‌کانی خۆرهه‌ڵات له ئاستێک‌دا نه‌بوون بتوانن بچنه کێبڕکێی بازاڕه‌کانی خۆرئاوای ئه‌وروپاوه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای کۆنی جۆر و ته‌کنیک و ئامێره‌کانیشیان ، شایانی ئاماژه‌یه به پێی ئامارێک له‌ساڵی 2005 دا تا ئه‌وکاته زیاتر له هه‌زار و پێنج سه‌د ملیار یورۆ سه‌رفکراوه بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ئه‌ڵمانیای خۆرهه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌وه به ئه‌ڵمانیای خۆرئاوا و زۆرینه‌ی ئه‌و بڕه‌ش سه‌رفکراوه بۆ پرۆژه‌کانی بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و چه‌ندین بواری تر که ناکرێت له شه‌و و رۆژێکدا پێش بخرێت کات و مه‌سره‌فی به‌رده‌وامی ده‌وێت . ئایا به عه‌لمانی بوونی ئه‌ڵمانیای خۆرهه‌ڵات که ئیشتراکی بوو هیچی که‌متر بوو له عه‌لمانی بوونی خۆرئاواکه‌ی، ئایا ئاین ده‌سه‌ڵاتدار بوو یان ئیشتراکی عه‌لمانی دژه‌دین تاسه‌ر ئێسقان ئه‌ی بۆچی ئه‌و دواکه‌وتنه و داڕووخانه ؟! کلاوس شرۆده‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌ڵبه‌ندی زانکۆی به‌رلینی ئازاد بۆ توێژینه‌وه تایبه‌ته‌کان به کاروباری ئه‌ڵمانیای خۆرهه‌ڵات له وتارێکیدا که له‌یه‌کێک له رۆژنامه‌کاندا بڵاوی کردووه‌ته‌وه ده‌ڵێت: (هه‌موو حکومه‌ته‌کانی ئه‌ڵمانیا نه‌یانتوانیوه به ئه‌مانه‌ته‌وه بودجه‌ی راسته‌قینه‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئه‌ڵمانیا ئاشکرابکه‌ن ، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی که دیارده‌ی پێ‌ناخۆش بوون و بێ تاقه‌تی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر ئه‌ڵمانیه‌کانی خۆرهه‌ڵات سه‌ر هه‌ڵنه‌دات) . ئاشکرایه که سه‌رف کردنی ئه‌و بودجه‌یه شانی هاوڵاتیانی ئه‌ڵمانیای خۆرئاوای گرتووه‌ته‌وه به تایبه‌تی له‌سه‌ره‌تاوه . ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر نموونه‌یه‌کی نزیکی خۆشمان که ئێرانه دوای رووخانی شا و هاتنی سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیهـ شه‌ڕێکیان له‌گه‌ڵ عێراقدا بۆ هه‌ڵگیرساند که ته‌ڕو وشکی ئه‌و وڵاته‌ی سوتاند و کاریگه‌ری ته‌واوی کرده سه‌ر باری ئابووری و هه‌موو لایه‌نه‌کانی تر به‌ڵام ئێستا هه‌موومان ده‌بینین که ئێران له رووی پێشکه‌وتنی شارستانی له چ ئاستێکی باڵادایه که بازاڕه‌کانی هه‌رێمی ئێمه له ماست و چلوره‌وه بیگره بۆ هه‌ر جۆره کاڵایه‌کی تر رێژه‌یه‌کی دیار و به‌رچاوی به‌رهه‌می کار و ته‌کنه‌لۆژیای ئێرانه که عه‌لمانی واته‌نی مه‌لا ده‌یبات به‌ڕێوه ، ئیتر پێشانگا دوایه‌که‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ولاوه بوه‌ستێت که ساڵانه له سلێمانی و هه‌ولێر به‌ڕێوه ده‌چێت. ئه‌وه‌ی شه‌قامه‌کانی ناو تارانی دیبێت و هه‌روه‌ها شه‌قامه‌کانی ده‌ره‌وه‌ش که له‌شاره‌کانی تره‌وه داخڵی تاران ده‌بێت ، بۆی ده‌رده‌که‌وێت که به‌لای که‌مه‌وه له‌وانه‌یه کاره‌بای رووناکی ئه‌و شه‌قامانه هێنده‌ی کاره‌بای پارێزگایه‌کی ئێمه بێت که ئێمه تا ئێستا نه‌مان توانیوه کاره‌بای 3 پارێزگا دابین بکه‌ین. ئایا بۆچی سیستمی ئاینی و مه‌زهه‌بی ویلایه‌تی فه‌قیهـ نه‌بوو به رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ی ئێران به‌ده‌ستی هێناوه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که له‌رووی ئیسلامیشه‌وه ئه‌م سیستم و باوه‌ڕه قسه‌ی له‌سه‌ره نه‌ک هه‌رلای عه‌لمانیه‌کان؟ وه‌ڵامه‌که ئاشکرایه بۆ که‌سێک به ئینسافه‌وه بڕوانێت بۆ مه‌سه‌له‌کان ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که مه‌لاکانی ئێران زۆر دڵسۆزانه تر له عه‌لمانیه‌کانی ئێمه ره‌فتاریان کردووه و مه‌رجه‌کانی پێشکه‌وتنیان به زیاده‌وه ده‌سته‌به‌ر کردووه ، که بۆ نموونه ده‌یڵێم عه‌لمانیه‌کانی لای خۆمان نه‌یانتوانیوه مشورێک له ته‌واو کردنی پرۆژه‌ی سایلۆی سلێمانی بخۆن که رژێمی پێشوو هه‌یکه‌له‌که‌ی بۆ به‌جێ هێشتوون ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی ده‌وێت له‌گه‌ڵ کۆمپانیایه‌ک رێک بکه‌ویت و کاری بۆ بکه‌یت که ساڵه‌های ساڵه له‌وێدا فه‌رامۆش کراوه و ئه‌مه‌و سه‌ده‌ها نموونه‌ی تر که ئێمه له‌به‌ر شه‌ڕی ناوخۆ و شه‌ڕه کورسی ئاگامان لێی نه‌بووه و ، پێویستیش به‌وه ناکات بڵێم گرنگی سایلۆ بۆ ئابووری و گوزه‌رانی خه‌ڵکی کوردستان چه‌نده؟ دواجار کاک سه‌رۆ له قسه‌کانیدا ده‌یویست پیرۆزی له ئاین دابڕنێت و چی دی ئاین و پیرۆزیه‌کانی کێشێکیان نه‌بێت له ته‌رازووی تاک و کۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌تی کوردی‌دا ، له‌هه‌مان کاتیش‌دا ده‌یویست به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت ئه‌و پیرۆزیه بکات به‌کاڵای باڵای عه‌لمانیه‌ت ، چونکه هێنده دووپاتی ده‌کرده‌وه که پرۆسه‌ی به عه‌لمانیکردن زه‌روره‌ت و حه‌تمیه ، که ئه‌مه‌ش خۆی بۆ خۆی جێی پرسیاره که به چ مافێک تۆ پیرۆزی ئاین له من وه‌رده‌گریته‌وه وه‌ک موسڵمانێک به‌ڵام ده‌ته‌وێت عه‌لمانیه‌ته‌که‌ی خۆت به پیرۆزیه‌کی حه‌تمی و زه‌رور به‌من بفرۆشیته‌وه ! کاکه ئێوه‌ی عه‌لمانی گله‌یی له ئیسلام ده‌که‌ن که پیرۆزی هه‌یه و که‌چی له‌ولاوه دیفاع له عه‌لمانیه‌ت ده‌که‌ن وه‌ک نه‌گۆڕێكی پیرۆز ، که ده‌بێت هه‌مووان ته‌سلیمی بین ! به‌راستی ده‌بێت ئێوه باش له‌وه حاڵی بن که موسڵمان هه‌رگیز رازی نابێت به‌رنامه‌ی خوا بگۆڕێته‌وه به زاده‌ی بیری مرۆڤ ، چونکه مرۆڤ مافی هه‌ر شتێکی هه‌بێت و توانای هه‌رشتێکی هه‌بێت نه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه و نه توانای ئه‌وه‌شی هه‌یه خۆی بخاته شوێنی خوای به‌دیهێنه‌ر و به‌رنامه بۆ مرۆڤی وه‌ک خۆی دابنێت و داواش له‌خه‌ڵکی بکات پابه‌ند بن پێوه‌ی ئه‌گه‌ر واشی کرد ئه‌وه ئاسنی سارد کوتان و قۆچ له شاخ دانه . ئومێده‌وارم قسه‌کانم به ئینساف و سینه‌یه‌کی فراوانه‌وه وه‌ربگیرێت و سوپاس بۆ هه‌موو لایه‌ک!
21/06/2008
|