|
به‌عه‌ره‌بكردن له هه‌رێمه كوردنشینه‌كان.. ماسته‌رنامه‌یه‌ك وه‌كو ئه‌وانی تر
فازڵ قه‌ره‌داغی
شه‌ممه-02-ئایار(مانگی 5)-2009-خراوه‌ته سه‌ر پێگه
پێناچێت زانكۆی سلێمانی ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ڕه‌وته‌ی بێت كه ماوه‌یه‌كی زۆره، پاش ئه‌وه‌ی جارێكی تر پاش ڕاپه‌ڕین دامه‌زرا، پێی ناسراوه. ماسته‌رنامه‌ی (به‌عه‌ره‌بكردن له هه‌رێمه كوردنشینه‌كاندا 637ـ847ز)ی ره‌حیم ئه‌حمه‌د ئه‌مین (بڵاوكراوه‌ی مه‌ڵبه‌ندی كوردۆلۆجی 2008) دووباره‌كردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می پێشتره كه زانكۆی سلێمانی به‌شانازییه‌وه به‌رهه‌میهێنان. ئه‌م به‌رهه‌مه نوێیه‌ش مه‌گه‌ر ته‌نها له زانكۆیه‌كی وه‌كو ئه‌وه‌ی سلێمانی بڕوانامه‌ی پێ ببه‌خشرێت، چونكه كه‌مترین شت له‌باره‌یه‌وه بوترێت ئه‌وه‌یه هیچی به‌سه‌ر هیچه‌وه نییه. به‌ر له‌هه‌موو شتێك ته‌ماشای نه‌خشه‌ی ((ماسته‌رنامه‌كه)) بكه‌و به‌رواردی بكه له‌گه‌ڵ ناوونیشانه‌كه‌ی، هه‌ركه‌سێك شتێك له‌باره‌ی مه‌نهه‌جی لێكۆڵینه‌وه بزانێت ساده‌ترین نه‌خشه كه بۆی دابنێت ئه‌وه‌یه ماسته‌رنامه‌كه سه‌ره‌تا به به‌شێكی كورت له‌باره‌ی جوگرافیای كوردستانه‌وه ده‌ست پێبكات (ده‌شكرێت كورته‌یه‌كی مێژوویی سه‌رده‌مه هه‌ره‌كۆنه‌كان بێت)، پاشان به‌شێك بۆ فتووحاتی ئیسلامی كه سه‌ره‌تای هاتنی عه‌ره‌به‌كان بوو بۆ كوردستان‌و وڵاتانی ده‌وره‌به‌ری، ئینجا به‌شی سه‌ره‌كی دێت كه به‌عه‌ره‌بكردنه، ئه‌ویش له‌دووتوێی دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی: به‌عه‌ره‌بكردنی ناوچه‌كان و به‌عه‌ره‌بكردنی ناوی شوێنه‌كان، كه ئه‌مه‌ی دوایی هێنده‌ی یه‌كه‌م سه‌ره‌كی نییه. ئه‌مه نه‌خشه‌یه‌كی ساده‌و سه‌رپێییه، به‌ڵام نه‌خشه‌ی ماسته‌رنامه‌كه شتێكی سه‌یره، خاوه‌نه‌كه‌ی پاش (پوخته‌ی بابه‌ت)و (ده‌روازه) یه‌كسه‌ر باز ده‌دات بۆ (به‌عه‌ره‌بكردنی له بواره‌كانی زانستی‌و زماندا)، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نها ده‌بوایه له‌كۆتایی به‌شه‌كاندا بوایه به‌ڵكو ئه‌سڵه‌ن هیچ پێویست نییه چونكه په‌یوه‌ندیی نییه به (به‌عه‌ره‌بكردن له هه‌رێمی كوردنشین) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه به‌عه‌ره‌بكردنی هه‌رێمه‌و نه تایبه‌ته به‌و هه‌رێمانه‌وه. پاشان باس ده‌چێته سه‌ر (به‌عه‌ره‌بكردنی ره‌گه‌زی كوردی‌و ناوی شار‌و شوێنه‌كانی وڵاتی كورد) كه ئه‌مه تێكه‌ڵكردنی دوو بابه‌تی جیاوازه. به‌ندی سێیه‌می ماسته‌رنامه‌كه باسی نیشته‌جێبوونی عه‌ره‌به پێش ئیسلام‌و پاش ئیسلام‌و ئه‌وه بۆته دوایه‌مین به‌ندی ماسته‌رنامه‌كه له‌كاتێكدا ده‌بوایه له‌سه‌ره‌تادا بوایه نه‌ك له‌كۆتاییدا. به‌ده‌ر له نه‌خشه‌كه زانیارییه‌كانیش هیچیان به‌عه‌ره‌بكردن ناسه‌لمێنن، بۆ نموونه چۆن بتوانین په‌یوه‌ستێك بكه‌ین له‌نێوان به‌عه‌ره‌بكردنی به‌رهه‌مه زانستی‌و فه‌لسه‌فی‌و ئه‌ده‌بییه‌كانی یۆنان‌و هندستان له‌لایه‌ك‌و به‌عه‌ره‌بكردنی هه‌رێمه كوردنشینه‌كان؟ له زانكۆی سلێمانیدا، به‌تایبه‌ت له به‌شی مێژووی كۆلێجی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان هه‌موو شتێك چاوه‌ڕوانكراوه، ئه‌و فه‌زاحه‌ته‌ش چل لاپه‌ڕه‌ی كتێبه‌كه‌ی داگیركردووه، هه‌روه‌ها ته‌نها له زانكۆی سلێمانیدا ته‌عبیری وه‌كو (به‌عه‌ره‌بكردنی زمان) قبووڵ ده‌كرێت، ته‌عبیرێك هیچ واتایه‌كی نییه چونكه ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و نییه كاركردنی زمانه‌كانی تره. بێبناغه‌یی (به‌عه‌ره‌بكردنی زمان) له‌و قسه‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه گوایه هه‌وڵدراوه له‌ڕێی زمانی ئایینییه‌وه زمانی عه‌ربی له‌ناو نه‌ته‌وه فه‌تحكراوه‌كاندا بڵاوبكرێته‌وه‌و ئه‌وه بۆته هۆی كزبوون‌و لاوازبوونی زمانه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان(ل48). یانی چی لاوازبوونی زمانی كوردی یان فارسی؟ ئه‌گه‌ر ژماره‌كی زۆری وشه‌ی عه‌ره‌بی یان غه‌یری عه‌ره‌بی بچنه ناو هه‌ر زمانێك ئایا ئه‌وه ده‌بێته هۆی لاوازبوونی زمانه‌كه یان ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی؟ پاشان ده‌بوایه به‌پێی ئه‌و خه‌یاڵه‌و پاش سه‌دان ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌وڵه‌تی خیلافه‌ت كه‌س به كوردی قسه‌ی نه‌كردایه یان به‌لای كه‌مه‌وه كورد به زمانێكی نوێ قسه‌ی بكردایه كه تێكه‌ڵه‌ی كوردی‌و عه‌ره‌بییه. ئه‌مانه‌ی خواره‌وه چه‌ند تێبینییه‌كی زۆر كه‌من له‌سه‌ر ماسته‌رنامه‌كه‌و باقییه‌كه‌ی، كه شتێكی زۆر زۆرن، بۆ ڕه‌خنه‌گری تر جێده‌هێڵم: 1-كاكه ره‌حیم ده‌ڵێت زمانی فارسیی په‌هله‌وی تێكه‌ڵه‌ی زمانی فارسی‌و كوردییه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها قسه‌یه‌كی بێبه‌ڵگه‌یه. ده‌قه‌كانی په‌هله‌ویش ماون‌و هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت چه‌ند ده‌قێكی وه‌رگێڕدراویان بخوێنێته‌وه تا له‌وه دڵنیا بێت. 2-كاك ره‌حیم قسه‌یه‌كی بێبناغه‌ی تر نه‌قڵ ده‌كات گوایه كورد زانای زۆری هه‌بووه كه به عه‌ره‌بی له بواری زانسته ئیسلامییه‌كان به‌رهه‌میان هه‌بوو به‌ڵام ((نه‌ته‌وه‌ی فارس هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیان بۆ خزمه‌تكردنی زمانی فارسی‌و ئه‌ده‌ب و رێزمانی نه‌ته‌وه‌كه‌یان ته‌رخانكرد))(ل 58) كه ئه‌مه نیشانه‌یه له‌سه‌ر نه‌شاره‌زایی خاوه‌نی ئه‌و قسه‌یه‌ی كاك ڕه‌حیم لێی وه‌رگرتبوو، چونكه ژماره‌یه‌كی زۆری زانای فارسی به عه‌ره‌بی له بواری زانسته ئیسلامییه‌كان نووسیویانه، ژماره‌ی ئه‌وانه‌ش زۆر له زانا كورده‌كان زۆرتر بوون. 3-كاكه ره‌حیم جیا ناكاته‌وه له‌نێوان (عه‌ره‌ب)و (ئه‌عه‌رابی)و قسه‌یه‌كی خراپی ئیبنو خه‌لدوون دێنێته‌وه له باره‌ی (ئه‌عرابییه‌كان) كه عه‌ره‌به كۆچه‌ره‌كانن‌و كه عه‌ره‌به نیشته‌جێكان گاڵته‌یان پێ ده‌كرد كه‌چی كاكه ره‌حیم ئه‌و وه‌سفه به وه‌سفی عه‌ره‌ب به‌گشتی ده‌زانێت(ل367) ئه‌م هه‌ڵه زه‌قه وه‌كو ده‌یان هه‌ڵه‌ی تر به‌سه‌ر سه‌رپه‌رشتیاره‌ی كاكه ره‌حیم‌و به‌سه‌ر لیژنه‌ی موناقه‌شه‌كه‌دا تێپه‌ڕبوو. 4-كاكه ڕه‌حیم هه‌روه‌ها (علم الكلام) به‌م جۆره باس ده‌كات: ده‌سته‌واژه‌ی سۆفیگه‌ریی زانستی وتووێژ (علم الكلام) (ل39) كه هیچی به‌سه‌ر هیچه‌وه نییه چونكه (علم الكلام) هی سۆفیگه‌ری نییه، هه‌روه‌ها مه‌به‌ست له‌و (كلام)ـه وتووێژ نییه، ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ش به‌ژێر لووتی سه‌رپه‌رشتیارو لیژنه‌ی موناقه‌شه تێپه‌ڕی بێئه‌وه‌ی بۆنی بكه‌ن.. به‌ڵام چۆن به‌رسه‌ریاندا تێناپه‌ڕێت ئه‌گه‌ر ئه‌وان ته‌نانه‌ت تێبینیی هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌قی وه‌كو نه‌خشه سه‌قه‌ته‌كه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یان نه‌كردووه. 5-له‌مه‌شه‌وه هه‌ڵه‌ی زه‌قی تر بچووك ده‌بێته‌وه وه‌ك وشه‌ی (اقبح) واته ناشیرینتر كه كاكه ره‌حیم به (هاوشێوه‌ی) وه‌ده‌گێڕێت (ل59)، یان به‌كارهێنانی كتێبێكی ئینگلیزیی (بێرنارد لویس) كه كاكه ره‌حیم ده‌قی قسه‌كه‌ی به عه‌ره‌بی هێناوه كه ئه‌مه ئاشكرای ده‌كات وه‌رگێڕانه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی به‌كارهێناوه به‌ڵام له‌جیاتی نووسینی ناوی ئه‌و وه‌رگێڕانه ناوی ئه‌سڵه ئینگلیزییه‌كه‌ی نووسیوه(ل57)، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و ته‌زویرانه‌ی لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان ده‌یكه‌ن، هه‌ندێكیان بۆ ئه‌وه‌ی نووسینه‌كانیان به سه‌رچاوه‌ی ئینگلیزی ((ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن))و هه‌ندێكیان به ناچاری ده‌یكه‌ن، چونكه ناچار ده‌كرێن (نموونه‌ی تریش له‌سه‌ر ئه‌مه هه‌یه له زانكۆی سلێمانیدا) كه چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئینگلیزی به‌كاربهێنن، واش ده‌زانم كاكه ره‌حیم له‌به‌ر هۆی دووه‌م ئه‌مه‌ی كردبوو. 6-كاك ره‌حیم نزیكه‌ی سێ لاپه‌ڕه بۆ (به‌عه‌ره‌بكردنی ناوی شوێن و شاره‌كان و وڵاتی كورد) ته‌رخان ده‌كات (ل91ـ122) به‌ڵام ده‌بینی ئه‌و به‌عه‌ره‌بكردنه بریتییه له گۆڕینی ئه‌و ده‌نگانه‌ی له زمانی عه‌ره‌بیدا نین وه‌ك گۆڕینی (گ) بۆ (ج) كه ئه‌مه به‌عه‌ره‌بكردن نییه چونكه ئه‌گه‌ر وابێت كورد ناوی وه‌ك (عثمان)و (طالب)و (ظاهر) به‌كوردی ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن به (عوسمان)و (تاڵیب)و (زاهیر). به‌عه‌ره‌بكردن یان به‌كوردكردن به‌و واتایه‌ی ماسته‌رنامه‌كه ده‌یه‌وێت بیپێكێت بریتییه له گۆڕینی ته‌واوی ناوه‌كه وه‌ك چۆن به‌عس (قه‌ره‌هه‌نجیر)ی كردبوو به ناحیه‌ی (الربیع). به‌ڵێ! ئه‌م كاره سه‌یره به‌درێژایی 30 لاپه‌ڕه به‌رده‌وام بووه‌و لای سه‌رپه‌رشتیارو لیژنه‌ی موناقه‌شه ئاساییه بووه، كاكه ره‌حیم ته‌نانه‌ت رێنووسیش وه‌ك به‌عه‌ره‌بكردن ده‌زانێت، بۆ نموونه ناوی (سی سه‌ر) كه گوایه به‌عه‌ره‌بكراوه، چونكه نووسراوه (سیسر) واته به‌پێی رێنووسی عه‌ره‌بی نووسراوه(ل108). كاكه ره‌حیم ناوی غه‌یری عه‌ره‌بیش به عه‌ربی ده‌زانێت وه‌ك (ماه دینار). ئه‌و ده‌ڵێت: ناوی شاری نه‌هاوه‌ند به‌عه‌ره‌بكراوه بۆ (ماه دینار) (ل106) كاك ره‌حیم هه‌رخۆی ده‌ڵێت (دینار) ناوی ئه‌و كه‌سه‌بوو كه دانوستانی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به موسڵمانه‌كان كردبوو، واته خۆشی ده‌زانێت (دینار) ناوێكی عه‌ره‌بی نییه، دیاره ده‌شزانێت (ماه) وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بی نییه (بڕوانه هه‌مان لاپه‌ڕه له باسی ناوی ماه سه‌به‌تان)، به‌كورتی عه‌ره‌به‌كان ناوێكی غه‌یری عه‌ره‌بی (واته نه‌هاوه‌ند)یان گۆڕی بۆ ناوێكی غه‌یری عه‌ره‌بیی تر (ماه دینار)و لای كاكه ره‌حیم و پۆله دكتۆره‌كه‌ی موناقه‌شه‌ی ماسته‌رنامه‌كه ئه‌مه به‌عه‌ره‌بكردنه. به‌كورتی‌و به‌پوختی له‌ناو هه‌موو نموونه‌كاندا له‌وانه‌یه سێ یان چوار ناو بدۆزینه‌وه كه به‌عه‌ره‌بكراون‌و له‌ناو هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی وه‌كو خۆیان ماونه‌ته‌وه ده‌نگێك یان زیاتر یان گۆڕاون، له‌مه‌شه‌وه بۆمان روونده‌بێته‌وه كه عه‌ره‌به موسڵمانه‌كان سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌بكردنیان پیاده‌نه‌كرابوو و ئه‌مه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی مه‌به‌ستی ماسته‌رنامه‌كه، دیسانه‌وه‌ش ئه‌وه له ژێر لووتی سه‌رپه‌رشتیارو لیژنه‌ی موناقه‌شه تێپه‌ڕی بێئه‌وه‌ی بۆنی بكه‌ن، باسكردنی سه‌رچاوه‌كانی ماسته‌رنامه‌كه‌ش ببێته باری سه‌ربار چونكه ئه‌وانه ناوی ناوچه‌و شاره‌كان ده‌به‌ن كه به‌عه‌ره‌ب نه‌كراون (ته‌نها وه‌كو نموونه ته‌ماشای كتێبه‌كه‌ی ئه‌لئه‌سته‌خه‌ری، المسالك والممالك بكه). ماسته‌رنامه‌كه‌ی كاكه ره‌حیم به‌قه‌باره‌ی كتێبێك هه‌ڵده‌گرێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، خوێنه‌رێكی وریای مێژووش ده‌توانێت ئه‌م كاری ته‌واو بكات، ته‌واوكردنی ئه‌م بابه‌ته‌ی خۆشمان تێبینییه‌كه: باسكردنی به‌عه‌ره‌بكردنی كوردستان‌و به‌موسڵمانكردنی كورد بۆته نه‌خۆشی‌و له‌پێناویدا قسه بێبناغه‌و بێبه‌ڵگه‌ی زۆر ده‌وترێن، راستیی زۆر ده‌شارێنه‌وه‌و راستیی زۆرتر ده‌شێوێنرێن، له‌م ته‌زویره‌ش خراپتر بنیاتنانی كه‌سایه‌تییه‌كی تێكشكاوی كورد بناغه‌كه‌ی وێنه‌كردنی كورد وه‌ك میلله‌تێكی هه‌میشه ژێر چه‌پۆكه دروشمه‌كه‌ی وته‌ی نه‌وتراوی ((ئێمه هه‌میشه تێهه‌ڵدراوبووین)). له‌ناو ئه‌و ره‌شاییه‌شدا وێنه‌ی رۆشن ون ده‌بن، ئه‌وتا كاكه ره‌حیم ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت نموونه‌یه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ین، باسی شاری (جندیسابور) ده‌كات كه له هه‌رێمی خوراساندا بوو و له لایه‌ن شاپوور كوڕی ئه‌رده‌شیره‌وه دروستكرابوو و مه‌ڵبه‌ندی خوزستان بوو و ئه‌لمه‌قدسی له‌باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ((ئێستاش تێكچووه و كورد ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه))(ره‌حیم ل111)، كه ئه‌مه فراوانكاریی كورد له سه‌رده‌می ئیسلامییه‌كانی لێ ده‌خوێنرێته‌وه (هه‌رچه‌نده ئه‌لمه‌قدسی دوای ئه‌وه ده‌ڵێت سته‌می تێدا به‌ربڵاوبووه‌و كاك ڕه‌حیم ئه‌وه‌ی نه‌نووسیوه). نموونه‌ی تریش هه‌ن بۆ فراوانكاریی كوردی سه‌رده‌مه ئیسلامییه‌كان وه‌ك باسی كورده‌كانی ناوچه‌ی فارس كه له ژماره نه‌ده‌هاتن‌و وتراوه ته‌نها له‌و ناوچه‌یه‌دا پێنج سه‌د هه‌زار ده‌وار هه‌ن (ئه‌لئه‌سته‌خه‌ری له المسالك والممالك باسی كردووه)، زانراویشه كه ناوچه‌ی فارس كه‌وتۆته رۆژهه‌ڵاتی باشووی ئێران، له رۆژهه‌ڵاتی كه‌نداو و بناغه‌ی میلله‌تی فارس بووه، خوێندنه‌وه‌ی مێژووی فتووحاتی ئیسلامیش پێمان ده‌ڵێت ئه‌و فتووحاته نیعمه‌ت بوو بۆ كورد چونكه نه‌مانی ده‌وڵه‌تی ساسانی به‌فارسكردنی كوردستانی وه‌ستاند، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن كه‌لتوورو زمانه‌وه ،ئه‌نجامی ئه‌و به‌فارسیكردنه‌ی كه‌لتوورو زمانه‌ش به‌فارسكردنی كوردبوو وه‌كو نه‌ته‌وه‌و ئینتمای چونكه زمانی فارسی له‌كوردییه‌وه نزیكه‌و كاری زمانه‌كه به خواستنی وشه ناوه‌ستێت به‌ڵكو ره‌گ له‌ناو بناغه‌ی زمانی كوردیدا داده‌كوتێت، ئه‌مه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی كاری زمانی عه‌ربی كه له‌ئاستی خواستنی وشه‌و ته‌عبیر ده‌وه‌ستێته‌وه، حاڵی كوردستانی ئه‌مڕۆی ئێرانیش، به‌تایبه‌تی كورده‌كانی سنووری ته‌ماسی كورد‌و فارس نموونه‌یه‌كی رۆشنه بۆ دوارۆژی تاریكی زمانی كوردی‌و كورد وه‌كو نه‌ته‌وه. كه‌واته فتووحاتی ئیسلامیی پێویستی به خوێندنه‌وه‌یه‌كی كوردیی نوێیه ئه‌ویش له‌ڕووی پاراستنی به‌شێكی زۆری كورد له كاریگه‌ریی نزیكترین خزمی كورد، خزمێكی رۆشنبیر‌و نه‌جیب، واته خزمێكی به‌توانا. ئه‌مه ئه‌ركێكی ده‌زگاكانمانه، ده‌بێت كه‌ی زانكۆی سلێمانی ئاوڕی لێبداته‌وه‌و واز له بیركردنه‌وه ساده‌و بازاڕییه‌كه‌ی ئێستای بهێنێت كه زاده‌ی عه‌قڵییه‌تی كاردانه‌وه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی به‌عس‌و غه‌یری به‌عسه‌و به‌رهه‌می چه‌ند مامۆستایه‌كی خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌ی ده‌قگرتوو به‌و قسه بازاڕییانه؟
له هه‌فته‌نامه‌ی (كۆمه‌ڵ) ژماره 371 له 2-5-2009 لاپه‌ڕه 7 بڵاوبۆته‌وه
|