|
سه‌عاتی حه‌شر
فازڵ قه‌ره‌داغی
پێویستمان به‌م هه‌ڵبژاردنه نه‌بوو تا بزانین پارتی‌و یه‌كێتی باوه‌ڕیان به ئاڵوگۆڕكردنی ده‌سه‌ڵات نییه، پێویستیشمان به هیچ هه‌ڵبژاردنێكی تر نییه تا دڵنیا بین ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌ستبه‌رداری ساخته‌كاری نابێت. به‌ر له 25ی ته‌ممووز كه هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان كران مه‌ترسی له ساخته‌كاری هه‌بوو. تا دوانیوه‌ڕۆی ئه‌و ڕۆژه‌ش هیچ نیشانه‌یه‌ك بۆ ڕه‌شبینی نه‌بوو، تا ئه‌و دوانیوه‌ڕۆیه هه‌موو شتێك هێمن‌و ئاسایی بوو. هه‌ندێك گومان هه‌بوون، وه‌ك بڕیاری كۆمسیۆن كه هه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێك بچێته ناو هه‌ر ژوورێك ناوی خۆی بنووسێت‌و ئیمزا بكات‌و كه ده‌ریشچوو ئیمزا بكاته‌وه كه دیاربوو هه‌وڵێك بوو، ئه‌گه‌رچی لاواز، بۆ بێزاركردنی ڕۆژنامه‌نووسان‌و دوورخستنه‌وه‌یان. مه‌سه‌له‌ی نه‌خوێنده‌وارانیش كێشه‌یه‌كی گه‌وره بوو چونكه به‌ڕێوه‌به‌ری وێستگه‌كه دوو كارتی ده‌نگدانی بۆ نه‌خوێنده‌واران پڕده‌كرده‌وه، مه‌ترسیش له‌وه‌دا بوو به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه سه‌ر به حزبێك بێت‌و هه‌موو ده‌نگه‌كانی نه‌خوێنده‌واران، كه ڕێژه‌كه‌یان له‌م وڵاته‌دا به‌رزه، بدات به‌و حزبه. له بنكه‌یه‌كی ده‌نگداندا، كه وه‌كو ڕۆژنامه‌نووسێك ده‌گه‌ڕام، پرسیارم له‌مباره‌وه كرد‌و نوێنه‌ری لایه‌نێك وتی چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌مان كردووه ئه‌ویش هه‌ر سه‌ری سه‌عاتێك خوێنده‌وارێك به‌ناوی نه‌خوێنده‌واره‌وه ده‌نێرین تا بزانین به‌رپرسه‌كه چه‌ند ڕاستگۆ ده‌بێت، وتیشی ئه‌وه‌مان له‌هه‌موو شوێنێك كردووه، به‌ڵام ئایا به‌ڕاستی ئه‌وه له هه‌موو شوێنێكدا كراوه؟ بێگومان نه‌خێر، به‌لای كه‌مه‌وه له هه‌ولێر‌و دهۆك نه‌كراوه. كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تر ئه‌و كارته زیادانه‌ی بۆ هه‌ر بنكه‌یه‌ك هاتبوون‌و زۆر پێش ئه‌و ڕۆژه جێگه‌ی گومان بوون. هه‌ر وێستگه‌یه‌ك زیاتر له هه‌شتا كارتی زیاده بۆ په‌رله‌مان‌و زیاتر له هه‌شتا كارتی زیاده بۆ سه‌رۆك هاتبوو، بیانووه‌كه‌ش سووتانی كارته‌كه‌یه به‌هۆی نه‌زانیی نه‌خوێنده‌واران، كه بیانوویه‌كی لاواز بوو و دیاربوو شتێك له‌ژێر سه‌رییه‌وه ده‌شارێته‌وه. ژماره‌ی ئه‌و كارته زیادانه زۆر بوو. ئه‌گه‌ر بنكه‌یه‌كیش ته‌نها پێنج وێستگه بێت ئه‌و كاته هه‌ر بنكه‌یه‌ك زیاتر له چوارسه‌د كارت بۆ په‌رله‌مان‌و چوارسه‌د كارت بۆ سه‌رۆكایه‌تیی به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش ده‌كاته نزیكه‌ی نیو ملیۆن كارتی زیاده بۆ هه‌ر یه‌كێكیان. چی زه‌مانه‌تی ئه‌وه ده‌كات ئه‌وانه پڕ ناكرێنه‌وه؟ كۆمسیۆن ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرده‌وه كه زیاده به‌تاڵه‌كان به ژماره ده‌گه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان. ئێمه بڕوامان كرد به‌ڵام نه‌مانزانی وا ده‌رناچێت‌و به‌هۆی فۆرمی 111و به‌هۆی پڕكردنه‌وه‌ی به جومله له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی وێستگه‌كان‌و نێردراوانی تایبه‌تی ده‌سه‌ڵات، به‌تایبه‌تی پارتی، له هه‌ولێر‌و دهۆك ئه‌وانه ناگه‌ڕێنه‌وه‌و گومانه‌كه ده‌بێته ڕاست، كێشه‌كه‌ش دوو قات بوو به‌هۆی ئه‌و كارته به‌تاڵانه‌ی بۆ ئه‌و كه‌سانه دانرابوون كه بڕیاریان دابوو ده‌نگ نه‌ده‌ن‌و چه‌ندمان وت بچن ئه‌گینا بۆتان پڕده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌وان هه‌ر نه‌چوون. به‌هه‌ر حاڵ نیوه‌ڕۆ هات‌و حاڵ هێمن بوو، بنكه‌كانیش چۆڵ ببوون، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نیوه‌ی ده‌نگده‌ران چووبوون‌و ده‌نگیان دابوو، ژماره‌یه‌كیش بڕیاریان دابوو نه‌چن، ژماره‌یه‌كیش چاوه‌ڕێی عه‌سر‌و فێنكییكه‌ی‌و پیاسه‌كه‌یان ده‌كرد. ئه‌و هێمنییه‌ش تووشی ته‌مه‌ڵیی كردین، له‌دوای نیوه‌ڕۆشدا ته‌نها به‌دوای هه‌واڵه‌كاندا ده‌چووین، به‌ڵام ئه‌و هێمنییه وه‌ك زه‌ویی خامۆشی پێش فووكردن به كه‌ڕه‌نای حه‌شردا بوو، ئێمه‌ی بێ‌ئاگا نه‌مانده‌زانی عه‌سر چی ده‌شارێته‌وه. سه‌ره‌تا هه‌واڵێك هات كه ماوه‌ی ده‌نگدان سه‌عاتێك زیادكرا.. بۆچی؟ خۆی ته‌نانه‌ت ده‌شكرا بنكه‌كان سه‌عاتێك پێش واده‌ی ڕه‌سمی دابخرێن؟ له‌پڕیش هاوار هه‌ڵسا، هاوار له‌هه‌موو شوێنێكه‌وه هه‌ڵسا، ته‌له‌فۆن له‌هه‌موو شوێنێكی هه‌ولێر‌و دهۆكه‌وه كرا: ((به‌كۆسته‌ر خه‌ڵك ده‌هێنن))، ((به‌لێشاو خه‌ڵكیان هێناوه‌و ده‌نگیان بۆ ده‌ده‌ن))، ((ڕێگه له نوێنه‌ره‌كان ده‌گرن))، قسه‌یه‌كی ئه‌ندامی كۆمسیۆنیش بیسترا: ((وه‌زع له دهۆك له كۆنتڕۆڵ ده‌رچووه)). ئه‌و حاڵه‌ی ماوه‌ی كۆتایی ده‌نگدان، بۆ چاودێران‌و نوێنه‌رانی لایه‌نه‌كان‌و ئاگاداران، وه‌كو ساحه‌ی مه‌حشه‌ر بوو، ڕاكه‌ڕاكه‌ی ته‌زویرچییان‌و هاواری ناڕه‌زایان. ئێمه ئاگاداری ئه‌و وه‌زعه بووین بۆیه باوه‌ڕمان به بێلایه‌نیی كۆمسیۆن له خانه گومانه‌وه ده‌رچووبوو، ڕاستیی بێلایه‌نیش ده‌بێته یه‌قین كاتێك ئه‌و كۆمسیۆنه ده‌ڵێت هه‌ڵبژاردنه‌كه پاك بوو.. نه‌خێر هه‌ڵبژاردنێكی پیس بوو وه‌كو هه‌ڵبژاردنه پیسه‌كانی پێشوو و ته‌نها یه‌ك جیاوازیی هه‌بوو، له سلێمانی‌و به‌هۆی ئه‌وه‌ی باڵێكی جیابووه‌وه‌ی یه‌كێتی وه‌كو موعاره‌زه دابه‌زیبوو ساخته‌كارییه‌كانی ده‌سه‌ڵات كه‌مترین ڕێژه‌یان هه‌بوو. ئه‌وان كه شه‌رم‌و ترسیان له ده‌سه‌ڵات نه‌بوو به‌ره‌ی موعاره‌زه‌یان به‌هێز كرد، كه موعاره‌زه‌ش به‌هێز بوو ساخته‌كاری كه‌متر ده‌بێته‌وه، له كوردستانیشدا، وه‌كو زۆر شوێنی تر، دیموكراسی به‌هۆی ساخته‌كارییه‌وه فشه‌و قه‌شمه‌رییه. به‌هه‌رحاڵ سه‌رۆكی كۆمسیۆن‌و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی دژ به ناڕه‌زایی هه‌موو لایه‌نه‌كان، جگه‌له پارتی‌و یه‌كێتی،و دژ به هه‌موو ڕۆژنامه‌نووسان، جگه‌له ڕۆژنامه‌نووسانی پارتی‌و یه‌كێتی، هاتنه سه‌ر شانۆ‌و شایه‌تییان بۆ پاكیی هه‌ڵبژاردنه پڕ ساخته‌كارییه‌كه‌ی دا، ڕێژه‌یه‌كیشیان پێشكه‌ش كردین بۆ ده‌نگده‌ران كه به‌ڵگه‌یه‌كی تری دایه ده‌ستمان كه هه‌ڵبژاردنه‌كه چه‌ند پیس بوو. له‌و ڕێژه‌یه‌دا سلێمانی، كه زۆرترین چالاكیی سیاسیی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت‌و كه لیستی گۆڕان تێیدا به حه‌ماسه‌تێكی زۆره‌وه دابه‌زیبوو، بووه خاوه‌ن كه‌مترین ڕێژه‌ی به‌شداریكردن ئه‌ویش نزیكه‌ی 75% له‌كاتێكدا هه‌ولێر كه چاوه‌ڕێ ده‌كرا ڕێژه‌كه‌ی كه‌متر بێت بووه خاوه‌ن ژماره‌ی به‌رزتر كه نزیكه‌ی 80% بوو، نوكته‌كه‌ش به ڕێژه‌كه‌ی دهۆك، كه پارتی تێیدا باڵاده‌سته، ته‌واو ده‌بێت كه ڕێژه‌كه‌ی 85% بوو و كه هه‌موو ئاگادارێك ده‌زانێت ڕێژه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی له 65% زیاتر نابێت چونكه دهۆك له شوێنه‌كانی تر كه‌متر به‌سیاسیكراوه‌و مونافه‌سه‌كه تێیدا كه‌متره. له وڵاتێكیشدا كه به‌پاڵ هه‌موو شتێكی ئه‌سڵی هاوشێوه‌یه‌كی ((علووج))ی هه‌یه ده‌سه‌ڵات وتی منیش ده‌توانم په‌رله‌مانی ((علووج))م هه‌بێت... كردیشی، سه‌رۆكی هه‌رێمیش كه له‌سه‌ر په‌تی دۆڕاندن بوو، به‌لای كه‌مه‌وه له‌سه‌ر په‌تی بردنه‌وه‌یه‌ك به ڕێژه‌ی كه‌م بوو سه‌رۆكایه‌تیی چوار ساڵی داهاتووی كوردستانی ده‌ستكه‌وت، ناشزانین هه‌ردوو لا، په‌رله‌مانتاره علووجه‌كان‌و سه‌رۆكی هه‌رێم، چه‌ند دڵیان به ده‌ستكه‌وتێك خۆشه كه به‌م حاڵه هاتووه، به‌ڵام ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته، ده‌سه‌ڵاتیش واته پاره‌و ناوبانگ‌و هێز، كاتێكیش فوو به كه‌ڕه‌نای حه‌شر ده‌كرێت ئاشكرا ده‌بێت چاره‌نووس یه‌كێكه له دوو؛ یان به‌هه‌شتی هێز‌و پاره‌و ده‌سه‌ڵات، یانیش دۆزه‌خی له‌ده‌ستدانی ئه‌و هێز‌و پاره‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه، له مردنیش ناخۆشتر ئه‌و له‌ده‌ستدانه‌یه، ئیتر گومان خه‌ڵك‌و چاوی پڕ ناڕه‌زاییان چ نرخێكی هه‌یه؟ نرخی نییه‌و وه‌كو شتی ئه‌ویش له‌بیرده‌چێته‌وه. ده‌سه‌ڵات جارێكی تر گه‌مه‌كه‌ی برده‌وه، ئه‌م جاره‌یان به قنگه‌خشكێ، با بزانین ئه‌و گه‌مه‌یه تا كه‌ی بڕ ده‌كات.
|