1428ك-2008ز
نوسینگه‌ی ته‌فسیر
پێشكه‌ش
چنار گیان...كچی ئازیزم...سڵاوت لێ بێ له هه‌ر كوێ بی...
جوانترین گوڵێكی گوڵستانم بووی، هه‌رچه‌نده نه‌تۆ موڵكی من بووی، نه گوڵستانه‌كه!
سوپاس بۆ ئه‌و خوایه، خاوه‌نی تۆ و خاوه‌نی ئه‌م گوڵستانه، كه بۆ ماوه‌ی نۆزده ساڵ لای ئێمه، وه‌ك ئه‌مانه‌تێك داینابووی. ئێمه‌ش هه‌ر چۆن سوپاسمان كرد كه تۆی به ئێمه دا، ئاواش سوپاسمان كرد كه تۆی وه‌رگرته‌وه. هیوادارین كه بۆ به‌هه‌شتی خۆی تۆی بردبێته‌وه، ئیدی ئه‌و كاته نابێ خه‌فه‌تت بۆ بخۆین، به‌ڵكوو ده‌بی خه‌فه‌ت بۆ خۆمان بخۆین كه هێشتا له‌م دونیا ته‌سكه ماوین و گرنگترین ساتمان ماوه كه ساتی مردنه، ناشزانین به‌ره‌و به‌هه‌شت ده‌برێین یان بۆ دۆزه‌خ راده‌پێچرێین.
تۆ له‌لای خوای و ئێمه‌ش له په‌نای خواین، زۆر له یه‌ك دوور نین، هه‌ر چۆن له دونیا به جه‌سته‌و به دڵ و به گیان له‌گه‌ڵتا بووین، ئه‌وا ئێستاش هه‌ر به به‌رده‌وامی یادت ده‌كه‌ین و، داوای سه‌رفرازیت له خوای گه‌وره بۆ ده‌كه‌ین و كرده‌وه‌ی چاكت بۆ ده‌نێرین، ئه‌م نامیلكه‌یه‌ش بۆ گیانی پاكت ده‌كه‌م به دیاری، له خوای گه‌وره داواكارم، بۆت ببێ به چاكه‌ی نه‌بڕاوه‌و گه‌شته‌كه‌ت له گه‌شتی هێمنی ناو ئه‌م چیرۆكه، خۆشتر و سه‌لامه‌تتر و به پیتتر بێ...
باوكی خۆشه‌ویستت
پێشه‌كی
ئه‌م نامیلكه‌یه كه به‌شی دووه‌می زنجیره‌ی توێشووی ده‌روونه، بابه‌تی چاره‌نووسی ئاده‌میزاد پاش ته‌واوبوونی ئه‌م دونیایه ئه‌گرێته خۆ. وامان به‌باش زانی كه شێوه‌ی نووسینی ئه‌م بابه‌ته، به شێوازی گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهات بێ، واته به شێوازی چیرۆك، چونكه ئه‌و شێوازه له شێوازی نووسینی ئاسایی كاریگه‌رتره. هه‌وڵیشمان داوه كه له سنووری ده‌قی سه‌رچاوه‌سه‌ره‌كیه‌كان، واته كتێبی پیرۆزی خوای په‌روه‌ردگار‌و فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه وسلم)، كه له كۆتایی نامیلكه‌كه‌دا هاتووه، ده‌رنه‌چین. دێڕه‌كانی ناو كه‌وانه‌كانیش وته‌ی نووسه‌ر نیه، به‌ڵكوو له سه‌رچاوه‌ی تر وه‌رگیراوه.
هه‌رچه‌نده ئه‌م بابه‌ته، واته كۆچكردن بۆ ژیانی دوای ژیانی دونیا، واقیعێكه به سه‌رماندا دێت، به‌لاَم بواری ده‌ربڕینی خۆشی‌و ناخۆشی به‌سه‌رهاته‌كان‌و وه‌سفی رووداوه‌كان، به فراوانی بۆمان ره‌خساوه. بۆ نموونه كه باس له رۆژی مه‌حشه‌ر ده‌كه‌ین، قورئان ده‌فه‌رمووێ: ئه‌و رۆژه بۆ یاخیبووان رۆژێكی زۆر سه‌خته. لێره‌دا هه‌رچه‌ند به خه‌یاڵدا بڕۆین بۆ ده‌ربڕینی سیفه‌تی سه‌ختیی، هه‌رگیز ناگه‌ینه ئاستی سه‌ختێتی ئه‌و رۆژه، هه‌روه‌ها كه زۆر به‌خه‌یاڵدا ده‌ڕۆین، بۆ وه‌سفكردنی خۆشی به‌هه‌شت، هه‌رگیز ناگه‌ینه ئاستی ئه‌و خۆشییانه‌ی كه له به‌هه‌شتدا بۆمان ئاماده‌كراوه، چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) ده‌فه‌رمووێ: ئه‌و خۆشیه‌ی له به‌هه‌شتدا هه‌یه، نه به چاو بینراوه‌و نه به گوێ بیستراوه‌و نه به خه‌یاڵی ئاده‌میزددا هاتووه، واته هه‌رچه‌ند بوار بڕه‌خسێنین بۆ وه‌سفكردنی خۆشیه‌كانی به‌هه‌شت، واقیعی راسته‌قینه‌ی به‌هه‌شت ئێجگار له‌و خه‌یاڵه خۆشترو به‌رزتره! به‌هه‌مان شێوه، واقیعی راسته‌قینه‌ی دۆزه‌خ‌و سزادانه‌وه، له‌م واقیعه‌ی ئێمه وه‌سفی ده‌كه‌ین، توندتر‌و سه‌ختتره، هه‌رچه‌نده ئێمه له بازنه‌ی ده‌قه‌كان ده‌رنه‌چووین، به‌ڵكوو ته‌نیا رووبه‌ری رووداوه‌سه‌ره‌كیه‌كانمان فراوانكردووه.
مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م نامیلكه‌یه ئه‌وه‌یه، كه باوه‌ڕ به رۆژی دوایی له دڵی خه‌ڵكیدا بچه‌سپێنرێ، چونكه ئه‌وه رێگایه‌كی كاریگه‌ره بۆ چاكسازی ناو ده‌روونی تاك‌و كۆمه‌ڵ. بێجگه له‌و مه‌به‌سته سه‌ره‌كیه، ده‌مانه‌وێ خه‌ڵك به شێوه‌یه‌كی تر سه‌یری مردن بكه‌ن، به شێوه‌یه‌ك كه له شێوه راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی نزیك بێ، شێوه‌یه‌ك بێ دوور نه‌كه‌وێته‌وه له‌و شێوه‌یه‌ی كه له قورئان‌و فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ردا(صلی الله علیه وسلم) هاتووه، كه مردن پشوودانه‌وه‌یه‌كی كاتیه له نێوان ژیانی دونیا‌و دواچاره‌نووسدا.
گرنگترین مه‌به‌ست له‌م نامیلكه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه، خه‌ڵكیی له گرنگیی ته‌مه‌ن‌و كرده‌وه‌ی دونیا تێبگه‌ن‌و بزانن كه جموجووڵی ئیمڕۆی دونیایان، كار ده‌كاته سه‌ر هه‌موو ئه‌و قۆناغه چاره‌نووسسازانه‌ی داهاتووشیان، واته ئه‌م نامیلكه‌یه ئاستی هه‌ست كردنی مرۆڤ به لێپرسینه‌وه به‌رز ده‌كاته‌وه. ئه‌و هه‌ستكردنه، كه بڕبڕه‌ی پشتی دامه‌زراندنی شارستانیه‌ته.
سه‌ره‌تا، به‌سه‌رهاته‌كه به به‌هه‌شت ده‌ست پێده‌كات، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر دوو هۆ، یه‌كه‌میان پێویستیه‌كی ئه‌ده‌بییه، دووه‌میان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌روونی خوێنده‌وار بۆ به‌جێ هێشتنی دونیا ئاماده بكرێ‌و له‌سه‌ره‌تادا به چوونه ناو جیهانی مردن سه‌رو دڵی نه‌گرین!
له‌م نامیلكه‌یه‌دا ویستوومانه رووی كامیرای پێنووسمان بكه‌ینه هه‌موو لایه‌كی رووداوه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی كاریگه‌ر به خوێنده‌وار پێشكه‌ش بكه‌ین، بێ ئه‌وه‌ی له راستیه‌كان دووركه‌وینه‌وه.
ده‌ڵێین گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌هه‌شت، به‌ڵێ گه‌ڕانه‌وه! چونكه وه‌كوو كتێبه‌كانی خوای گه‌وره روونیان كردۆته‌وه كه ئاده‌میزادی یه‌كه‌م، واته ئاده‌م (علیه السلام)، له سه‌ره‌تای دروستبوونیدا، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی له به‌هه‌شتدا بوون، دواتر به‌هۆی شكاندنی فه‌رمانی خوای گه‌وره، له به‌هه‌شت ده‌ركران، هه‌رچه‌نده خوای گه‌وره دواتر لێیان خۆش‌بوو و به‌ڵێنی دانێ ئه‌گه‌ر هاتوو خۆیان‌و نه‌وه‌كانیان پابه‌ندی ئه‌و فه‌رمانانه بن كه له لایه‌ن خواوه بۆیان ده‌نێردرێ و نه‌یشكێنن، ئه‌وا دیسانه‌وه بۆ به‌هه‌شتیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
له خوای گه‌وره داواكارم كه ئه‌م به‌رهه‌مه به سوود بێ‌و سۆزێك بۆ به‌هه‌شت له دڵی خه‌ڵكیدا بجووڵینێ‌و بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی بنه‌ماكانی مرۆڤایه‌تی هانیان بدات، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی سه‌ر زه‌وی‌و ناو ده‌روونیان ببێ به به‌هشتێكی ناو دونیا، پێش گه‌یشتن به به‌هه‌شتی دواڕۆژ.
هه‌روه‌ها داوا له خوێنده‌واری به‌ڕێزی ئه‌م نامیلكه‌یه ده‌كه‌م داوا له خوای گه‌وره بكات به‌رزترین پله له به‌هه‌شتدا به نووسه‌ر ببه‌خشێ.
به‌هه‌شت‌و یادكردنه‌وه‌یه‌ك
هێمن كه یه‌كێك له دانیشتووه به‌خته‌وه‌ره‌كانی به‌هه‌شته، كۆمه‌ڵێك براده‌ر بۆ مه‌مله‌كه‌ته گه‌وره‌كه‌ی خۆی له به‌هه‌شتدا بانگێش كردبوو. چه‌ند ساتێكی خۆشیان له ناو باخه خۆشه‌كانی به‌هه‌شتدا پێكه‌وه برده‌سه‌ر. نه خه‌م‌و خه‌فه‌ت بۆ رابوردو‌و، نه‌ترس له‌مردن‌و داهاتوو، نه دوور كه‌وتنه‌وه له دۆست‌و خۆشه‌ویستان، نه ناكۆكی‌و تووڕه‌بوون له‌یه‌كتری‌و، نه ململانێ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندێكان‌و، نه ترس له نه‌مانی خۆشیه‌كان‌و كۆتایی ته‌مه‌ن، ته‌نانه‌ت خه‌ویش نه‌مابوو، چونكه نووستن جۆرێكه له مردن‌و، مردن له‌م به‌هه‌شته‌دا له‌ناوبراوه، بۆیه ده‌بێ ئاده‌میزاد هۆشی له‌به‌ر خۆی بێ بۆ چێژكردنی ئه‌م ژیانه به تامه، ته‌نانه‌ت شه‌رابه‌كانی ناو به‌هه‌شتیش هۆشی دانیشتوان ناسێنێ، گه‌رچی مه‌ستیان ده‌كات.
هێمن بۆ ماوه‌یه‌ك له‌سه‌ر پشت راكشا‌و سه‌یرێكی ئاسمانه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی خۆی كرد، كه پله به‌رزه‌كانی به‌هه‌شت بوون. خه‌یاڵی بۆ دونیا چوو، بۆ ئه‌و ژیانه كورته، كه هه‌مووی تێكڕا ناگاته ساتێكی ئه‌م به‌هه‌شته، بۆ ئه‌و ژیانه‌ی كه ململانێ وشه‌ڕ‌و ئاژاوه‌و گریان‌و برسێتی‌و توینێتی، تێكه‌ڵ به چه‌ند ساتێكی خۆشیی گرتبووه خۆ. بواری بۆ خه‌یاڵ ره‌خساند كه یادكردنه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی كۆچكردنی له دونیاوه تا گه‌یشتنی به‌م پله‌و پایه به‌رزه، بكات. دیاره ئه‌م جۆره یادكردنه‌وه‌یه، تامێكی خۆشتر به‌م ژیانه ده‌به‌خشێ، چونكه یادكردنه‌وه‌ی میهره‌بانیی خوای جیهانه‌كان ده‌گه‌ێنێ.
براده‌ران روویان كرده هێمن و پێیان گوت: كاك هێمن! هه‌ست ده‌كه‌ین كه له‌گه‌ڵمان نیت، ده‌بێ به‌ره‌و كوێ به خه‌یاڵ رۆشتبیت؟ ئه‌ویش ئاره‌زووی پێداچوونه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی ته‌مه‌نی رابووردووی بۆ ئاشكراكردن وهۆی پێداچوونه‌وه‌كه‌شی بۆ روونكردنه‌وه، ئه‌وانیش ئه‌وه‌یان پێ خۆش‌بوو، بۆیه گوتیان: فه‌رموو بۆمان باسكه‌و ئێمه‌ش باشترین گوێگر ده‌بین.
ئه‌و له‌م یادكردنه‌وه‌یه، نه‌چووه ناو ورده‌كاری رووداوه‌كانی دونیا، چونكه هه‌ر ئه‌و رووداوانه‌و ئارامگرتن له‌سه‌ری، به‌م شوێنه خۆشه‌ی گه‌یاند، به‌ڵكو وای پێ خۆش‌بوو، كه له خاڵی مردنه‌وه یادكردنه‌وه‌كه ده‌ست پێ بكات، چونكه مردن یه‌كه‌م خاڵی گواستنه‌وه‌ی بوو بۆ ئه‌م ژینه پڕ خۆشییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، رووداوه‌كانی دونیا ته‌نیا له ژیانی دونیا به‌های گرنگی خۆی له ده‌روونی مرۆڤدا هه‌یه، گه‌ر خۆش بووبێ ئه‌و رووداوانه یان ناخۆش بووبێ، ئه‌گینا هه‌موو خۆشیه‌كانی ناو دونیا ناگه‌نه ساتێكی خۆشی ناو به‌هه‌شت، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌شكه‌نجه‌و بێ ده‌رامه‌تی‌و گوزه‌رانه ناخۆشه‌كانی دونیا ناگه‌نه ساتێكی ناڕه‌حه‌تیی ناو دۆزه‌خ.
ژیانی رابوردووی دونیا
هێمن گوتی: ئازیزان!ئه‌وه‌ی به‌سه‌رما هات، بێ گومان به‌سه‌ر ئێوه‌ش هاتووه، به‌ڵام خۆشه جار به‌جار یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌سه‌رهاتانه بكه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه سوپاسی ئه‌و خوایه بكه‌ین كه به میهره‌بانی خۆی، لێره‌دا نیشته‌جێ ی كردوین.
به‌ڕاستی ژیانی دونیای من وئێوه، وه‌ك خه‌ونێكی كورت له‌م به‌هه‌شته‌دا دێته به‌ر چاو، چه‌ند ساتێكی خۆشیی یان ناخۆشیی، له شوێنێكی سنوورداردا دێته خه‌یاڵ. بێ گومان كاتی له‌دایكبوون‌و سه‌ره‌تای ژیانی منداڵیم نایه‌ته یاد، مه‌گه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ی كه دایك‌و باوكم بۆیان گێڕاومه‌ته‌وه. له‌وانه‌یه ژیانی هه‌رزه‌كاریم درێژترین‌و خۆشترین قۆناغێك بووبێ، چونكه هێزی ژیان له ده‌روونمدا له‌و قۆناغه‌دا به به‌راووردكردن له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی تردا پته‌وتربوو. ژیانی خێزانیی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر‌و منداڵیش خۆشییه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو، به‌ڵام ژیانی دونیا‌م تێكڕا وه‌ك شریتێكی سینه‌مایی زۆر كورت‌و خیرا لێره‌دا دێته به‌رچاو.
سێ یه‌كی ته‌مه‌نی ئاده‌میزاد به خه‌و ده‌چێته سه‌ر، سێیه‌كی تریشی به پاره‌په‌یداكردن‌و راكردن به‌دوای نانی رۆژانه سه‌رف ده‌كرێ. له رۆژێكدا چه‌ند ساتێكی بۆ ده‌مایه‌وه خۆشی لێ ببینێ، هه‌رچه‌نده هۆكان زۆربوون كه له‌زه‌تی ئه‌و خۆشیانه تێكبدات، وه‌ك رووداوێكی دڵته‌زێن، یان كێشه‌ی منداڵ یان ململانه‌ی ژیان... هتد.
زۆر جار له دونیادا، ده‌ست كه‌وت به‌رامبه‌ر كۆشش نه‌بوو. زۆر كه‌س ئیشێكی كه‌میان ده‌كرد به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتێكی زۆر، كه‌چی كه‌سی وا هه‌بوو له به‌یانیه‌وه هه‌تاكوو ئێواره كاری ده‌كرد، ئینجا توانیبێتی سكی خۆی و خێزانه‌كه‌ی تێر بكات. هه‌روه‌ها پۆست‌و رێزلێنان به پێی گرنگی كه‌سایه‌تی‌و لێهاتوویی نه‌بوو، به‌ڵكوو خزمایه‌تی‌و پاره، پێوه‌رێكی سه‌ره‌كی بوون له‌و رێزلێنان‌و پۆست دابه‌شكردنه، مه‌گه‌ر له ژیانی خواناسیندا جۆره دادگاییه‌ك به‌دی ده‌كرا، ئه‌وه‌ش به‌هۆی په‌یڕه‌وكردنی به‌رنامه‌ی خوا. راسته خوای گه‌وره ئاگای له هه‌موو رووداوه‌كان هه‌یه‌و كه‌س بێ مۆڵه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند یان هه‌ژار نابێ‌و، خوای گه‌وره ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه‌ی پێ خۆش نیه، به‌ڵام ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی به ئاده‌میزاد داوه، بۆ ئه‌وه‌ی له به‌های ژیانی خواناسی تێبگات، كه زه‌مینه بۆ دادپه‌روه‌ری خۆش ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌میشه پشت به خوای گه‌وره ببه‌ستێ‌و زیاتر چاو ببڕێته ئه‌و خۆشیانه‌ی كه له به‌هه‌شتدا بۆی ئاماده‌كراوه، گه‌ر هاتوو له په‌نای به‌رنامه‌ی خوای گه‌وره‌دا ژیا.
ژیانی دونیا ساتی خۆشی تێدا بوو. هه‌رچه‌نده پێكه‌نینی زۆری تێدا به‌دی ده‌كرا به به‌راووردكردن له‌گه‌ڵ گریاندا، به‌ڵام ماوه‌ی گریان به به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ ساته كورتخایه‌نه‌كانی پێكه‌نیندا درێژخاینتربوو.
ژیانی دونیا مسۆگه‌ریه‌كی ته‌واوی تێدا نه‌بوو، له چركه‌یه‌كدا ئه‌گه‌ری نه‌مانی ته‌ندروستی وپاره‌و ده‌سه‌ڵات‌و پۆست‌و خانووی تێدا به‌دی ده‌كرا. بۆ نموونه، یه‌ك بوومه‌له‌رزه یان لافاوێك توانای ئه‌وه‌ی هه‌بوو ده‌ستكه‌وته‌كانی چه‌نده‌ها ساڵ تێك بدا‌و، خاوه‌نه‌كانیان له‌و ده‌شت‌و ده‌ره رووته به بێ ده‌رامه‌تی جێده‌هێشت.
دیارده‌ی خۆكوشتن ته‌نیا له ناو دڵداراندا باو نه‌بوو، به‌ڵكوو خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته باڵاكان زۆر جار په‌نایان ده‌برده خۆكوشتن دوای ئه‌وه‌ی له پۆسته‌كانیان ده‌رده‌كران، یان سه‌رمایه‌داران بڕیاری كۆتاییهێنان به ژیانیان ده‌دا، دوای ئه‌وه‌ی كۆمپانیه‌كانیان به‌ره‌وڕووی بێ مایه‌و ئیفلاسی ده‌بوو.
بۆ تێگه‌یشتنی بێ به‌هایی ژیانی دونیا، ته‌نیا ئه‌وه به‌س بوو كه سه‌یری دوو وێنه‌ی ئه‌كته‌رێكی سینه‌مایی بكرێ، یه‌كێكیان له قۆناغی لاوێتیدا، ئه‌وی تریان له قۆناغی پیریدا. ئه‌و دوو وێنه‌یه كه چیرۆكی ژیانی هه‌موو كه‌سێك له ئێمه ده‌گرێته‌وه، باشترین به‌ڵگه‌یه‌ك بوو له‌سه‌ر كورتیی‌و بێ به‌هایی ژیانی دونیا.
ماوه‌ی مانه‌وه‌ی هه‌ر ئاده‌میزادێك له دونیادا، بێجگه‌له خوای گه‌وره، كه‌سی تر نه‌یده‌زانی. هه‌بوو له هه‌ناوی دایكی‌دا ده‌مرد، هه‌شبوو له منداڵی‌دا كۆچی ده‌كرد، گه‌نجێكی زۆر له قۆناغی لاوێتیدا دونیایان جێده‌هێشت، هه‌رچه‌نده ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكیی دوای په‌نجا یان شه‌ست ساڵ یان زیاتر لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی دونیایان داده‌خرا. هۆكانی مردنیش زۆربوون، به‌ڵام ئه‌و راستیه له ئارادابوو، كه مردن كۆتایی به چیرۆكی ژیانی دونیا ده‌هێنا‌و هه‌موو كه‌س، ته‌نانه‌ت پێغه‌مبه‌رانیشی، ده‌گرته‌وه. مردن هه‌موو جۆره ئاوات و پلانێكی ده‌وه‌ستان و، میراتی مردووی بۆ خه‌ڵكانێكی تر ده‌گواسته‌وه.
ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك سه‌رنجی ئه‌و سیفه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی دونیای دابێته‌وه، ده‌گه‌یشته ئه‌و راستییه‌ی كه دونیا، هه‌رچه‌نده بێ به‌ش نابێ له خۆشیی، بۆ كۆشش دروستكراوه نه‌ك بۆ خۆشیی وه‌رگرتن، ، هه‌روه‌ها ده‌گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه رۆڵێكی سه‌ره‌كی به‌م ئاده‌میزاده سپێردراوه، ئه‌ویش نزیكبوونه‌وه‌ی له په‌روه‌ردگاری ئه‌م جیهانه، هه‌روه‌ها ده‌گه‌یشته ئه‌و راستییه‌ی كه مردن كۆتایی چیرۆكی دونیا نیه، به‌ڵكوو قۆناغێكه بۆ ژیانێكی درێژتری نه‌بڕاوه‌ی خۆشتر، یان سه‌ختتر.
خه‌ڵكیی زۆر جار ئه‌م رۆڵه سه‌ره‌كیه‌یان له بیر ده‌چوو و، خه‌ریكی ده‌ستكه‌وتنی خۆشیی كاتیی ده‌بوون، هه‌تا ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی بۆیان ته‌رخان كرابوو كۆتایی پێ ده‌هات، بێ ئه‌وه‌ی ئیشێكی گونجاو بۆ رۆژی دوایی ئاماده‌بكه‌ن. بۆ نموونه زیاده‌ڕه‌وی له سه‌رقاڵبوون به كاروباری وه‌رزشی و سه‌ماو گۆرانی و بواره‌كانی تری راگه‌یاندن وگرنگیی پێدانی- له راده به‌ده‌ر - به خواردن و خواردنه‌وه‌و خه‌و، كاتی زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوشتبوو، بێ ئه‌وه‌ی بستێك له به‌هه‌شت نزیكیان بكاته‌وه، یان له ئاگر دووریان بخاته‌وه. مرۆڤ ده‌یتوانی ئه‌و خۆشیانه به شێوه‌و راده‌یه‌ك وه‌ربگرێ بێ ئه‌وه‌ی كار بكاته سه‌ر ئامانجی سه‌ره‌كی هاتنی بۆ ئه‌م بوونه‌وه‌ره، كه هه‌وڵدانه بۆ ده‌ستكه‌وتنی ره‌زامه‌ندی خوای په‌روه‌ردگاری جیهانه‌كانه، چونكه زۆربه‌ی ئه‌و شتانه دوو لایه‌نن، واته ده‌توانرێ بۆ تووڕه‌بوونی خوای گه‌وره به‌كار بهێنرێ وده‌توانرێ بكرێ به مایه‌ی ره‌زامه‌ندی خوای گه‌وره. ئه‌و ره‌زامه‌ندییه، كلیلی ده‌روازه‌ی بوون و خۆشیی وه‌رگرتنی ئاده‌میزاده له ژیانی دونیا‌و پاش دونیاش، چونكه ئه‌وه ره‌زامه‌ندییه نزیكبوونه‌وه‌یه له سه‌رچاوه‌ی بوونه‌وه‌رو خۆشیه‌كانه.
منیش له دونیادا به‌ش به حاڵی خۆم، وه‌ك ئه‌و خه‌ڵكه، زۆر جار تێئه‌كه‌وتم و ئه‌و كار‌و خۆشیانه، كاتی له ده‌كوشتم. حاڵی من و ئه‌و خه‌ڵكه وه‌كوو حاڵی ئه‌و قوتابیه وابوو كه له ناو هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌دا، له‌باتی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان، سه‌رنج ئه‌داته جوانی دیواره‌كان وجۆری ته‌خته‌و جوانی جل و به‌رگی قوتابیه‌كان وقسه‌كردن له‌گه‌ڵ مامۆستاكان...هتد له‌و شتانه‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌ناو هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌دا هه‌ن، هه‌تا كۆتایی ئه‌و كاته‌ی كه بۆی ته‌رخانكراوه، بێ ئه‌وه‌ی ئامانجه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی هاتنه ناو هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌دا جێ به‌جێ بكا، ئه‌ویش وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانه وده‌سكه‌وتنی به‌رزترین نمره! ئه‌و كات به فیڕۆ دانه، له‌لایه‌ن خه‌ڵكی وڵاتانی رۆژئاوادا به رێژه‌یه‌كی زۆرتر به‌دی ده‌كراو، شێوازی تری وه‌رده‌گرت وده‌بووه هۆی تێكدانی مێشك و ده‌روونی گه‌نجانی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتیش، ته‌نانه‌ت به روخساری شارستانیه‌تیشیان داده‌نا، گه‌رچی ته‌نیا كات و ته‌ندروستی كوشتنی به راشكاوی تیا به‌دی ده‌كرا، له خواردنی تلیاك و مه‌ی وجگه‌ره‌و، سه‌رف كردنی زۆربه‌ی كات به پێشبڕكه‌ی وه‌رزشی وناوه‌رزشی و ده‌مارگیری له چوونه پاڵ یانه وه‌رزشییه‌كان، كه هیچ جۆره مه‌عریفه‌تێك بۆ وه‌چه‌ی پێگه‌یشتوو زیاد ناكات، چونكه ئه‌و گه‌نجانه ته‌نیا دوای هه‌واڵ ده‌كه‌وتن-رێژه‌یه‌كی كه‌متر نه‌بێ- بێ ئه‌وه‌ی خودی خۆیان سوود له وه‌رزش وه‌ربگرن. هه‌روه‌ها سه‌رقاڵبوون به گه‌مه‌ی ئه‌له‌كترۆنی، كه كاتێكی زۆری مناڵ و گه‌وره‌ی ده‌كوشت وبووبوو به نه‌خۆشیی سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆجیا. سه‌رمایه‌دارانی سه‌ر رووی زه‌ویش ئه‌م هه‌له‌یان ده‌قۆسته‌وه‌و به جۆره‌ها ریكلام، ته‌وژمی ئه‌م كوشتنی كاته‌یان توندتر ده‌كردو، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی گیرفانیان له سامانی خه‌ڵكیی، رووبه‌ری ئه‌م سه‌رقاڵبوونه‌شیان فراوانتر ده‌كرد. ئاده‌میزادێكیش كه له ئامانجی سه‌ره‌كی هاتنی ناو دونیای بێ ئاگابێ، زۆر به ئاسانی تێده‌كه‌وت ومێشكی ده‌شۆراو ده‌بووه نێچیریان.
هه‌رچه‌نده ژیانی دونیا‌م وه‌ك ژیانی پاشا‌كان نه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌ر پابه‌ندبوونم به رێنمایه‌كانی خوای ئه‌م جیهانه‌و پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم)، ژیانێكی خۆشم برده‌سه‌ر. له‌هه‌موو قۆناغه‌كانی ژیانمدا، به‌شی خۆم له‌خۆشی وه‌رگرتبوو و هه‌وڵم ده‌دا په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره تێكنه‌ده‌م، وئه‌گه‌ر گوناهێكم بكردایه، هه‌ر زوو بۆ په‌نای لێبوردنی، به دڵێكی پڕ له په‌شیمانی، ده‌گه‌ڕامه‌وه. به درێژایی ژیانم دڵم پڕ بوو له ئارامیی، چونكه خۆشی ئه‌نجامی كۆششی ده‌ستی خۆم وه‌رده‌گرت، بێ ئه‌وه‌ی چاو ببڕمه به‌شی كه‌س، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی هه‌ندێ ئیشم ده‌ستنه‌كه‌وتایه، یان كه‌سی ترم له خۆم به‌رزتر ببینیایه، خه‌مم نه‌ده‌خوارد‌و ده‌مزانی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و قازانجه هه‌ر خوایه‌و به به‌شی خۆم رازی ده‌بووم، بێ گومان پاش جێ به‌جێ كردنی ئه‌رك‌و هه‌وڵه‌كانم . خۆشی زۆرم دی، هه‌روه‌ها تاڵی زۆرم دی، به‌ڵام هه‌رگیز له‌سه‌ر یه‌ك حاڵه‌ت بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر نه‌ده‌مامه‌وه، به‌ڵكوو هه‌میشه گۆڕانكاری له ژیانمدا به‌دی ده‌كرا. به‌هه‌رحاڵ، ژیانم وه‌كوو ژیانی پاشا بێ یان ژیانی فه‌قیر‌و هه‌ژار بێ، خۆشیی تێدا بێ یان تاڵیی، ده‌بێ ئه‌م قۆناغه، واته ژیانی دونیا، جێبهێڵم‌و به‌ره‌و ژیانی نه‌مری كۆچ بكه‌م.